بەهۆی نەخۆشیی 'تەبەق'؛ عێراق هاوردەکردن و هاتوچۆی ئاژەڵی لە سووریاوە ڕاگرت

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیاریدا بە راگرتنی هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو لە سووریاوە بەرەو خاکی عێراق و وڵاتانی کەنداو، ئەوەش وەک رێکارێکی خۆپارێزی بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی نەخۆشیی "تەبەق"

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە "وەک رێکارێکی خۆپارێزی کاتی، بڕیاردرا بە ڕاگرتنی هاوردەکردنی ئەو ئاژەڵە زیندووانەی لە سووریاوە دێن و بە خاکی عێراقدا بەرەو وڵاتانی کەنداو تێدەپەڕن."

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم بڕیارە دوای بەدواداچوونی ورد هاتووە کە جەخت لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی "تەبەق" دەکەنەوە، کە تووشی مانگا و مەڕومالات دەبێت لە چەند پارێزگایەکی سووریا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەم رێکارە دەستبەجێیە ئامانج لێی پاراستنی سامانی ئاژەڵی ناوخۆیی و رێگریکردنە لە گواستنەوەی نەخۆشییە پەتاییە سنووربەزێنەکان." جەختیش کراوەتەوە کە رێکارە تەندروستی و ڤێتێرنەرییەکان بەبێ جیاوازی بەسەر هەموو وڵاتاندا جێبەجێ دەکرێن.

نەخۆشی تەبەق یەکێکە لەو نەخۆشییانەی لەناو ئاژەڵاندا دەگوازرێتەوە و نیشانەکانی:

لە دەمدا: دروستبوونی بڵق و برینی ورد لەسەر زمان، پووک و ناو دەم، کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئاژەڵەکە لیکێکی زۆری لێ بێت و نەتوانێت بەباشی بخوات.

لە پێدا: دروستبوونی برین لە نێوان سمەکاندا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئاژەڵەکە بشەلێت و بە زەحمەت بڕوات.

تای بەرز: ئاژەڵەکە تووشی تایەکی توند دەبێت و بێهێز دەبێت.

کەمبوونەوەی بەرهەم: شیر و گۆشتی ئاژەڵەکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.