کۆنگرێسمانێکی ئەمریکا: کورد هاوپەیمانی ئێمەیە و بەیەکەوە داعشمان تێکشکاند
دۆن بایەر، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا جەخت لە بەهێزیی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و گەلی کورد دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، کورد هاوپەیمانێکی ستراتیژی و سەرەکییە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و دەستەبەرکردنی ئاشتی لە جیهاندا.
دۆن بایەر، کۆنگرێسمانی ئەمریکا لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24، ئاماژەی بە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرد و گوتی: "بە بڕوای من پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و گەلی کورد هەمیشە بەهێز بووە، کورد هاوپەیمانێکی گرنگ بووە بۆ ئاسایشی نەتەوەییمان و دەستەبەرکردنی جیهانێکی پڕ لە ئاشتی."
سەبارەت بە هەماهەنگییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و هێزە کوردییەکان، ئەو کۆنگرێسمانە گوتی: "هەردوو لامان پێکەوە داعشمان بەزاند و هیوادارم لە ساڵانی داهاتووشدا کاری زیاتر بە یەکەوە بکەین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دۆن بایەر ستایشی رۆڵی رەوەندی کوردی لە ناو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و رایگەیاند: "شانازی بەو کوردانە دەکەین کە هاووڵاتی ئەمریکین؛ ئەو کوردانەی دێنە ئێرە بۆ ئەوەی ببن بە هاووڵاتی ئەمریکی، دابونەریت و مێژووی رەسەنی خۆیان لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن و دەبنە مایەی شانازی."