فوئاد حوسێن بۆ عێراقچی: بەهیوای کۆتاییهاتنی جەنگم
فوئاد حوسێن بۆ عێراقچی: هیوادارم سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە
فۆئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەرەسەندنەکانی دوایین دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتنیان تاوتوێ کرد. وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی کردەوە، وڵاتەکەی چاوەڕێی بیستنی هەواڵی کۆتاییهاتنی جەنگ و گەڕانەوەی سەقامگیرییە بۆ ناوچەکە.
ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئایاری 2026، نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ فۆئاد حوسێن پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێگەیشت، تێیدا پیرۆزبایی دەستبەکاربوونەوەی وەک وەزیری دەرەوە لێکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ وەزیری دەرەوەی ئێران فۆئاد حوسێنی لە دوایین پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە دانوستانە بەردەوامەکان ئاگادار کردەوە و ئاماژەی بەو پێشکەوتنانە کرد، لە گەڕی کۆتاییدا بەدەستهاتوون.
هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگی رۆڵی پاکستان کردەوە و ستایشی هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی دانوستانەکان کرد، هاوکات ئاماژەیان بە گرنگی بەشداریی قەتەر لەم قۆناخەدا کرد.
لای خۆیەوە فۆئاد حوسێن سوپاسی هاوتا ئێرانییەکەی کرد بۆ پەیوەندییەکە و خستنەڕووی پێشنیازەکانی دانوستان و خۆشحاڵی خۆی بە پەرەسەندنە ئەرێنییەکانی ناو پڕۆسەکە دەربڕی.
فۆئاد حوسێن ستایشی هەوڵەکانی عەباس عێراقچی کرد بۆ بەرەو پێشچوونی پڕۆسەی دانوستانەکان، و جەختی لە پێویستی کۆتاییهێنان بە کردەوە سەربازییەکان لە زووترین کاتدا لە گەرووی هورمز و کارکردن بۆ لادانی گەمارۆکانی سەر ئێران کردەوە.
راشیگەیاند؛ فۆئاد حوسێن هیوای خواست هەواڵی ئەرێنی ببیسرتێت و ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی جەنگ و گەڕانەوەی سەقامگیری و ژیانی ئاسایی بۆ گەلانی ناوچەکە.