ئۆزەل و کڵیچدارئۆغڵۆ لەسەر سازکردنی کۆنگرەیەکی نوێ بۆ جەهەپە رێککەوتن
دادگای باڵای ئەنقەرە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی 38ەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی دا. هاوکات داواکاری گشتی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لە حەوت پارێزگای جیاواز دەستپێکرد و تێیدا 13 کەس بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن و پێشێلکردنی یاسا دەستگیرکران.
دادگای باڵای ئەنقەرە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی 38ەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی دا. بەپێی بڕیارەکە، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە و دەستەی کارگێڕیی ئێستا لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە، هەروەها کەمال کڵیچدارئۆغڵۆ، سەرۆکی پێشووی پارتەکە و ئەندامانی پێشووی ئەنجوومەنی پارتەکە بە شێوەیەکی کاتی گەڕانەوە سەرۆکایەتی.
هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارە یاساییە، داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لە حەوت پارێزگای جیاوازی تورکیا دەستپێکرد، تێیدا 13 کەس بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای پارتە سیاسییەکان و وەرگرتنی بەرتیل و سپیکردنەوەی پارە لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 38ی جەهەپەدا دەستگیرکران.
لەم بارەیەوە داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ روونیشی کردەوە، گومانی ئەوە دەکرێت دەستگیرکراوەکان کاریگەرییان لەسەر دەنگی نوێنەرانی کۆنگرە دروست کردبێت.
ئێستا دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان ئۆزەل و کڵیچدارئۆغڵۆ، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە زووترین کاتدا کۆنگرەیەکی نوێ بکرێت تاوەکو کۆتایی بەم ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییانەی ناو پارتەکە بهێنرێت.
لە 4 و 5ی تشرینی دووەمی 2023، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) 38ەمین کۆنگرەی خۆی بەڕێوەبرد، تێیدا ئۆزگور ئۆزەل توانی سەرکەوتن بەسەر کەمال کڵیچدارئۆغڵۆدا بەدەستبهێنێت و ببێتە سەرۆکی پارتەکە؛ بەڵام دواتر دەنگۆی پێدانی بەرتیل و کڕینی دەنگی نوێنەرانی کۆنگرەکە بڵاوبووەوە.
لەسەر بنەمای ئەمەش، لوتفو ساڤاش، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانی هاتای، سکاڵایەکی یاسایی تۆمارکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەکە. دواتر دادگای باڵای ئەنقەرە بڕیاری پووچەڵکردنەوەی رەهای بۆ کۆنگرەکە دەرکرد.