ئیکۆ عێراق: 70%ـی پڕۆژە یاساکانی پەرلەمان خەرجی و بێکاریی زیاد دەکەن

ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئایاری 2026، روانگەی ئیکۆ عێراق رایگەیاند، پەرلەمانی عێراق لە ماوەی وەرزە یاسادانانەکەیدا کە بەرەو کۆتایی دەچێت، خوێندنەوەی بۆ 23 رەشنووسی یاسا کردووە، ئاماژەی بەوەش کردووە، زۆربەی ئەم یاسایانە بەرەو فراوانکردنی پێکهاتە کارگێڕییەکان و زیادکردنی خەرجیی گشتی هەنگاو دەنێن.

روانگە باسی لەوەکردووە، پەرلەمان لە ماوەی وەرزی یاسادانانەکەیدا، کە لەگەڵ پشووی جەژندا کۆتایی دێت، خوێندنەوەی بۆ 23 رەشنووسی یاسا کردووە کە بەسەر لێژنە جیاوازەکاندا دابەش بوون، هەروەها روونی کردەوە، نزیکەی %70ـی ئەم رەشنووسانە بێکاریی شاراوە زیاد دەکات، لە رێگەی دروستکردنی دەستە و ئەنجوومەنی نوێوە، کە هەندێکیان بە وەزارەتەکانەوە بەستراونەتەوە و هەندێکیشیان راستەوخۆ نەبەستراونەتەوە.

روانگەی ئیکۆ عێراق رایگەیاند، ئەم رەشنووسانە زیادبوونی خەرجیی گشتیش لەخۆدەگرن لە رێگەی دامەزراندنی سندوقی کارپێکردن کە لە پارەی دەوڵەت تەمویل دەکرێن، یان بەخشینی دەرماڵەی دارایی زیادە بە فەرمانبەران.

یاسای خزمەتی سەربازی زۆرەملێ  

روانگە روونیکردووەتەوە، لە نێوان پڕۆژە یاسا پێشکەشکراوەکاندا، پڕۆژە یاسای خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ هەیە، کە دەقەکەی دەڵێت، دەبێت لە ماوەی خزمەتەکەیدا مووچەی سەربازێکی خۆبەخش بدرێت بەو کەسەی سەرپەرشتیاری خێزانە، لەگەڵ بەردەوامبوونی فەرمانبەرانی دەوڵەت لە وەرگرتنی مووچەکانیان لە فەرمانگەکانی خۆیانەوە، ئەمە جیا لە تەرخانکردنی پارە بۆ تێچووەکانی پەیوەست بە دروستکردنی سەربازگەکان و دابینکردنی بژێوی و گواستنەوە.

دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی

سەبارەت بە پڕۆژە یاسای دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی، روانگەی ئیکۆ عێراق باسی لەوەکرد، یەکێک لە ماددەکانی پڕۆژەکە بڕیار دەدات بە بەخشینی دەرماڵەیەک بە کارمەندانی دەستەکە، کە رەنگە بگاتە %200ـی مووچەی بنەڕەتی، ئەمەش بارگرانییەکی زیادەیە لەسەر خەرجیی گشتی.

هەروەها رایگەیاند، پڕۆژە یاساکە دەسەڵات و ئیمتیازاتی بە پلەی وەزیر دەبەخشێتە سەرۆکی دەستەکە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خەرجیی گشتی بۆ دابینکردنی مووچە، پاسەوان و دەرماڵەی نووسینگەکان، جگە لەوەی یاساکە کردنەوەی نووسینگە لە ناوەوە و دەرەوەی عێراقی لەخۆگرتووە، لەگەڵ ئەوەی کە پێویستی بە تەرخانکردنی دارایی هەیە بۆ خانووبەرە، ئامادەکاری و شاندەکان.

یاسای وەزارەتی گەیاندن و پەیوەندییەکان

سەبارەت بە وەزارەتی گەیاندن، روانگە ئاماژەی بەوەکردووە، پڕۆژە یاساکە فراوانخوازی لە پێکهاتە کارگێڕییەکان، زیادکردنی پلە تایبەتەکان و دروستکردنی بەشی نوێ لەناو ناوەندی وەزارەتدا لەخۆدەگرێت، روونیشیکردەوە، سندووقێک بۆ گەشەپێدانی گەیاندن دروست دەکرێت وەک لە پڕۆژەکەدا هاتووە، ئەمەش رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر زیادبوونی خەرجیی گشتی.

ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئاو

سەبارەت بە ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئاو، ئاشکراکراوە، دەقی یاسای پێشنیازکراو دەڵێت، دەبێت بودجەیەکی سەربەخۆ بۆ ئەنجوومەنەکە تەرخان بکرێت کە داهات و خەرجییەکان لەخۆبگرێت، ئەمەش بارگرانییەکی دارایی نوێ دەخاتە سەر بودجەی گشتیی دەوڵەت.