تەقەکەرەکانی نزیک کۆشکی سپی کوژران
هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری کۆشکی سپی لە واشنتن کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی چەند راپۆرتێک سەبارەت بە بیستنی دەنگی تەقە لە نزیک کۆمەڵگەی سەرۆکایەتی، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ناو کۆشکی سپیدا بوو.
ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس" بڵاویکردەوە، ئەو رۆژنامەنووسانەی لەناو کۆشکی سپیدا خەریکی کارکردن بوون، دەنگی زنجیرەیەک تەقەیان بیستووە. دەستبەجێ ئەندامانی دەزگای پاراستنی سەرۆکایەتی (Secret Service) داوایان لە رۆژنامەنووسەکان کردووە لەناو ژووری کۆنگرە رۆژنامەوانییەکاندا خۆیان حەشار بدەن و رێگەی چوونە دەرەوەیان لێگیراوە تا ئەو کاتەی ناوچەکە بە تەواوی ئاسایش دەکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، دەزگای نهێنیی پاراستنی ئەمریکا رایگەیاند؛ ئاگاداری ئەو راپۆرتانەن کە باس لە تەقەکردن دەکەن لە نزیک یەکتربڕینی شەقامی 17و شەقامی پێنسیلڤانیا، کە تەنیا یەک بلۆک لە کۆشکی سپییەوە دوورە. ئاماژەی بەوەش کردووە، تیمەکانیان خەریکی لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانن.
میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، لەم رووداوەدا تەقەکەرەکە کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوون کە یەکێکیان گومانلێکراوی سەرەکیی تەقەکردنەکەیە.
لەو بارەیەوە، کاش پاتێل، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) رایگەیاند؛ هێزەکانی یاسا خەریکی بەدواداچوونن بۆ راپۆرتەکانی تەقەکردن لە دەوروبەری کۆشکی سپی و جەختیشی کردەوە، لەگەڵ گەیشتنی زانیاریی زیاتر، رای گشتی لە وردەکارییەکان ئاگادار دەکەنەوە.