کۆنگۆ.. بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئیبۆلاوە 204 کەس بوونە قوربانی

پەتای ئیبۆلا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ بە خێرایی تەشەنە دەسێنێت و گۆڕاوە بۆ قەیرانێکی تەندروستی جیهانی؛ تا ئێستا 204 کەس گیانیان لەدەستداوە و رێکخراوی تەندروستی جیهانیش باری نائاسایی رادەگەیەنێت.

وەزارەتی تەندروستی کۆنگۆ رایگەیاند، پەتای ئیبۆلا لە وڵاتەکەدا بە شێوەیەکی مەترسیدار رووی لە زیادبوون کردووە و تا ئێستا 204 حاڵەتی گیانلەدەستدان لە کۆی 867 حاڵەتی گوماناوی لە سێ پارێزگای جیاوازدا تۆمارکراون.

ئەم ئامارە نوێیانە کە رۆژی شەممە لەلایەن ئاژانسی "فڕانس پرێس"ـەوە بڵاوکراونەتەوە، زیادبوونێکی خێرا نیشان دەدەن، چونکە تەنیا یەک رۆژ پێشتر رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بە 177 حاڵەتی گیانلەدەستدان لە کۆی 750 حاڵەتی گوماناوی کردبوو.

بەهۆی خراپیی بارودۆخەکەوە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی باری نائاسایی تەندروستی گشتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی راگەیاندووە. رێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم گۆڕاوەی ڤایرۆسەکە لە جۆری "بۆندیبوگیۆ"یە، کە بەپێچەوانەی جۆری "زایر"، تا ئێستا هیچ کوتان یان چارەسەرێکی پزیشکیی پەسەندکراوی بۆ نییە، ئەمەش مەترسییەکانی زیاتر کردووە.

ڤایرۆسەکە تەنیا لەناو کۆنگۆدا نەماوەتەوە و سنوورەکانی بڕیوە بۆ ناو خاکی ئۆگەندا، بەجۆرێک لە کامپالای پایتەختی ئەو وڵاتەش حاڵەتی تووشبوون تۆمارکراوە. رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، رێژەی تووشبوون لەناو کارمەندانی تەندروستیدا بەرزە، ئەمەش نیشانەی لاوازیی سیستەمی خۆپارێزییە لە ناوچەکەدا.

رێکخراوەکە جەخت دەکاتەوە کە کۆچبەریی زۆری دانیشتووان، لاوازیی ژێرخانی تەندروستی و ململانێ چەکدارییەکان لە رۆژهەڵاتی کۆنگۆ، بوونەتە رێگر لەبەردەم کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە. بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای کردووە پشکنینی ورد لە فڕۆکەخانە و خاڵە سنوورییەکان بکرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دژی قەدەخەکردنی گەشت و بازرگانییە، چونکە پێیوایە ئەو هەنگاوە لە جیاتی سوود، زیان دەگەیەنێت و خەڵک ناچار دەکات رێگەی نایاسایی و کۆنترۆڵنەکراو بۆ هاتوچۆ بەکاربهێنن.

پسپۆڕانی تەندروستی رایدەگەیەنن، هەماهەنگی لەگەڵ سەرکردە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ گۆڕینی هەندێک دابونەریتی وەک شێوازی ناشتنی مردووان، زۆر گرنگە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە. پێشبینیش دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا ژمارەی تووشبووان روو لە زیادبوون بکات، بۆیە داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی بەپەلە دەکرێت.