ترەمپ: دانوستانەکانمان لەگەڵ ئێران بنیاتنەرن
ترەمپ: پەلەمان نییە لە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند دانوستانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران بە شێوەیەکی "رێکخراو و بنیاتنەر" بەڕێوەدەچن. ترەمپ وێڕای رەخنەگرتن لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی سەردەمی ئۆباما، جەختی کردەوە کە گەمارۆ ئابوورییەکان تا ساتەوەختی واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ بەردەوام دەبن.
یەکشەممە 24ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، رێککەوتنی ئەتۆمیی پێشووی ئێران کە لەلایەن ئیدارەی ئۆباماوە واژۆ کرابوو، "خراپترین رێککەوتن" بووە و ڕێگەی بۆ ئێران خۆش کردووە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەو دانوستانانەی ئێستا ئیدارەکەی ئەنجامی دەدەن "تەواو پێچەوانەی" ئەوەیە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد نوێنەرەکانی راسپاردووە پەلە نەکەن لە گەیشتن بە رێککەوتن، چونکە بە گوتەی ئەو "کات لە بەرژەوەندی ئەمریکایە." گوتیشی: "گەمارۆدانی ئابووری بە هەموو هێز و کاریگەرییەکەوە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی رێککەوتنێکی فەرمی دەکرێت و واژۆ دەکرێت. پێویستە هەردوولا کاتی پێویست وەربگرن بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە بە دروستی ئەنجام بدەن، چونکە نابێت هیچ هەڵەیەک هەبێت."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بەرەو قۆناغێکی "پڕۆفیشناڵتر و بەرهەمدارتر" دەچێت، بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی پەرەپێبدات یان بەدەستی بهێنێت.
ترەمپ سوپاسی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد بۆ هاوکاری و پشتیوانییان و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هاوکارییانە لە رێگەی "رێککەوتننامەی مێژوویی ئیبراهیم" بەهێزتر دەبن، گوتیشی: "کێ دەزانێت، رەنگە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بیەوێت پەیوەندی بەو رێککەوتننامەیەوە بکات."