ئۆزەل: تاکوو گێڕانەوەی پارتەکەمان لە خەبات بەردەوام دەبین
دوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی 38ەمی جەهەپە و گەڕانەوەی کەمال کڵچدارئۆغڵو بۆ سەرۆکایەتی حزب، بارودۆخی ناوخۆیی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا تەقیوەوە. ئۆزگور ئۆزەل بڕیارەکەی دڕاند و هێزە ئەمنییەکان بە زەبری هێز و گازی فرمێسکڕێژ لایەنگرانی ئۆزەلیان لە ناوەندی گشتیی حزبەکە دەرکرد.
کاتێک بڕیاری فەرمی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی کۆنگرەی 38ەم و گەڕانەوەی کڵچدارئۆغڵو گەیشتە دەست ئۆزگور ئۆزەل، ناوبراو لەبەردەم کامێراکاندا بڕیارەکەی دڕاند. دەستبەجێ دوای ئەم هەڵوێستە، هێزەکانی پۆلیس چوونە ناو باڵەخانەی ناوەندی گشتیی جەهەپە لە ئەنقەرە و گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکی لاستیکییان دژی ئامادەبووان بەکارهێنا.
ئۆزگور ئۆزەل دوای ئەوەی بە زەبری هێز لە باڵەخانەکە دەرکرا، رووی لە پەرلەمانی تورکیا کرد و لەوێوە پەیامێکی توندی ئاراستەی کڵچدارئۆغڵو و ئەو لایەنانە کرد کە بوونە هۆی رشتنی گازی فرمێسکڕێژ بەسەر "منداڵەکانی ئەم وڵاتەدا". ئۆزەل گوتی: "ئەوانەی بوونە هۆی ئەوەی پۆلیس هەڵبکوتێتە سەر ماڵی باوکمان و گاز بڕێژن بەسەر گەنجەکانماندا، دەبێت بزانن کە ئێمە لە کۆڵانەکانەوە هاتووین."
ئۆزەل سەرنجی خستە سەر مێژووی دامەزراندنی حزبەکەی و رایگەیاند، جەهەپە لە ساڵانی 1920دا لە نێو چادرە سەربازییەکان و لە مەیدانی شەڕدا دامەزراوە، بۆیە پێویستییان بە چواردیواری باڵەخانەیەک نییە بۆ بەردەوامبوون. گوتیشی: "بۆ ئێمە ژووری پەرلەمان بەسە، تا ئەو کاتەی پارتەکەمان دەگەڕێنینەوە لە خەبات بەردەوام دەبین و رێگە نادەین هیچ کەسێکی دیکە دەستدرێژی بکاتە سەر حزبەکەمان."
ئەم پێشهاتە تورکیای رووبەڕووی قەیرانێکی سیاسیی قووڵ کردووەتەوە، لە کاتێکدا لایەنگرانی هەردوو جەمسەرەکەی ناو جەهەپە لە دۆخێکی ئامادەباشی و گرژیدان.
لە 4 و 5ی تشرینی دووەمی 2023، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) 38ەمین کۆنگرەی خۆی بەڕێوەبرد، تێیدا ئۆزگور ئۆزەل توانی سەرکەوتن بەسەر کەمال کڵیچدارئۆغڵۆدا بەدەستبهێنێت و ببێتە سەرۆکی پارتەکە؛ بەڵام دواتر دەنگۆی پێدانی بەرتیل و کڕینی دەنگی نوێنەرانی کۆنگرەکە بڵاوبووەوە.
لەسەر بنەمای ئەمەش، لوتفو ساڤاش، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانی هاتای، سکاڵایەکی یاسایی تۆمارکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەکە. دواتر دادگای باڵای ئەنقەرە بڕیاری پووچەڵکردنەوەی رەهای بۆ کۆنگرەکە دەرکرد.