لە مووسڵ نرخی ئاژەڵ گران بووە

بازاڕی گۆگجەلی بۆ ئاژەڵ لە مووسڵ یەکێکە لە گەورەترین بازاڕەکانی ئاژەڵفرۆشان لە پارێزگای نەینەوا. لە رۆژانی پێش جەژنی قورباندا بازاڕەکە زۆر قەرەباڵغە، بەڵام گرانبوونی نرخەکەی کاریگەری کردووەتە سەر فرۆشتن. هاووڵاتییان دەڵێن ئەمساڵ هێندە نرخەکان گرانن، توانای کڕینی قوربانیمان نییە.


عەگاب مەلا، کڕیار بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ کەمترین نرخی جووتێک بەرخ بە 550 هەزار تا ملیۆنێک و پاشکۆیەک دەفرۆشرێت، جووتی ئێرانیش بە 850 هەزارە. ئەمە بارگرانییە بۆ سەر کڕیاران، چونکە گومرگ لەسەر ئاژەڵی هاوردە زیادیکردووە و ئەمانە هۆکارن.

بە دەیان مێگەلە بەرخ و ئاژەڵی قوربانی بۆ جەژن لەوێ هەن. دەڵاڵەکان بە قسەی خۆش هەوڵ دەدەن کڕیاران بە نرخەکان ڕازی بکەن، چونکە بەهۆی چەند هۆکارێکەوە نرخەکان زۆر گران بوون.

محەمەد جبوور، دەڵاڵی مەڕوماڵات دەڵێت: خەڵکی هەژار توانای کڕینیان نییە. کەمترین بەرخ بە 400 هەزارە، هەندێکیان بە 600 هەزار تا نزیکەی یەک ملیۆن دینارن. جگە لەوەی پشتگیریی حکوومەت بۆ ئاژەڵداران نییە.

حسێن محەمەد، ئاژەڵدار، باس لەوە دەکەت، ئەگەر پشتگیریمان هەبوایە، جووتێک ئاژەڵ بە 200 بۆ 300 هەزار دەفرۆشرا نەک بە 900 هەزار دینار.

رێژەی مەڕی هاوردەکراو لەناو بازاڕدا کەم بووەتەوە. بە وتەی فرۆشیاران، ئیتر لە وڵاتی سووریاوە مەڕ نایەت و زۆربەیان خۆماڵین؛ هەر کیلۆیەک بە زیندوویی بە زیاتر لە 10 هەزار دینار دەفرۆشرێت، هەر بۆیە کڕینیان لەلایەن هاووڵاتییانەوە زەحمەت بووە.