لە پێنجوێن 380 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش دەکرێت
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە قەزای پێنجوێن دەستیپێکرد و لە قۆناخی یەکەمدا 380 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگەدا دابەش دەکرێت؛ سەرۆکی شارەوانی پێنجوینیش رایدەگەیەنێت، زەوی بۆ سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابین کراوە کە فەرمانی وەرگرتنیان هەیە.
رۆژی دووشەممە 25ی ئایاری 2026، لە قەزای پێنجوێنی سنووری پارێزگای سلێمانی، قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و هاووڵاتییان چووە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم پڕۆسەیە کە لە ژێر چاودێری داواکاری گشتی و قایمقامی پێنجوێن بەڕێوەدەچێت، لە هەنگاوی یەکەمدا 380 پارچە زەوی دەگرێتەوە.
رەئووف رەشید، سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن بە کوردستان24ی راگەیاند، دابەشکردنی زەوییەکان بە شێوەی خاڵبەندی دەبێت و لەو کەسانەوە دەستپێدەکات کە 52 خاڵیان هەیە تاوەکو دەگاتە 26 خاڵ. ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆسەکە بە شێوەی تیروپشک ئەنجام دەدرێت و سەرجەم ئەو کەسانە سوودمەند دەبن کە پێشتر فۆرمیان پڕکردووەتەوە.
سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن دڵنیایی دایە فەرمانبەران و گوتی: "نزیکەی 2224 فەرمانی دابەشکردنی زەویمان هەیە و زەویش بۆ هەموو ئەو فەرمانبەرانە ئامادەکراوە کە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە". جەختیشی کردەوە کە قۆناخەکانی دیکەی دابەشکردنەکە ئامادەن و پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو هەمووان سوودمەند دەبن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی شارەوانی، ئەو زەوییانەی بۆ ئەم پڕۆسەیە تەرخانکراون دەکەونە کەرتی 51 لە کەرتی 10ی پێنجوێن. ئەم بڕیارە جەخت لەوە دەکاتەوە کە زۆرترین رێژەی فەرمانبەران لەم قۆناخەدا دەبنە خاوەنی زەوی و پڕۆسەکەش خانەنشینان، پێشمەرگە و جووتیارانی سنوورەکەش دەگرێتەوە.