ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی بڵاوکرایەوە
لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکان لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند لە ئێستاوە قوتابییانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی دەتوانن ئەنجامی تاقیکردنەوەکان وەربگرنەوە
سێشەممە 26ـی ئایاری 2026، لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکان- وەزارەتی پەروەردە راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئاگاداری قوتابییانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی دەکەینەوە ، دەتوانن لە ئێستاوە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی، خولی یەکەم بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 لە ئەپڵیکەیشنی ( ئی - هەڵسەنگاندن) وەربگرنەوە.
ئاماژەی داوە، قوتابی مافی پەڵپ گرتنی هەیە لە رێکەوتی 31ـی ئایاری 2026 تا 3ـی حوزەیرانی 2026.
پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، پرۆسەی یەکەم تاقیکردنەوەی نیشتمانیی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد.
پەیمان خواجە محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، 134 هەزار و 44 قوتابی بەشداریی لە تاقیکردنەوەی نیشتمانییانی پۆلی نۆی بنەڕەتی دەکەن.