جووتیارێک 20 میوە لە یەک داردا بەرهەم دەهێنێت

جووتیارێکی دەشتی هەریر لە رێگەی موتربەکردنەوە، توانیویەتی 20 جۆر میوەی جیاواز لەسەر یەک دار بەرهەم بهێنێت و هەلی کار بۆ 10 گەنج بڕەخسێنێت.

دڵێر فەتاوا، جووتیاری نموونەیی لە دەشتی هەریر، بە ئازەر فاروق، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، زیاتر لە 15 ساڵە خەریکی کاری موتربەکردنی دارە و دەیەوێت ئەم ئەزموونە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان بەکار بهێنێت. 

دڵێر توانیویەتی لەسەر دارێکی بنەڕەت گەراس، 20 جۆر میوەی جیاواز وەک هەڵوژەی سەوز، زەرد، قەیسی، گەلاس و چەندین جۆری دیکە بەرهەم بهێنێت. دڵێر ئاماژەی بەوە دا، بیرۆکەی ئەم کارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆرجار هاووڵاتیان لە حەوشەی ماڵەکانیاندا تەنیا شوێنی یەک داریان هەیە، بەڵام حەزیان لە چەندین جۆر میوەیە.

ئەم جووتیارە نموونەییە جەختی لەوە کردەوە، لە باخەکەیدا داری گوێزی هەیە کە جۆرە ئیسرائیلی و ئەمریکییەکانی لێ موتربە کردووە و لە یەک کاتدا چەندین بەر دەگرێت. هەروەها داری مێوی هەیە حەوت جۆر ترێی جیاوازی پێوەیە.

 دڵێر ئەوەشی خستە روو، لە رێگەی ئەم پرۆژە بچووکەوە توانیویەتی هەلی کار بۆ 10 گەنج بڕەخسێنێت. دڵێر روونیشی کردەوە، هەوڵ دەدات نەمامی بچووک بە شێوەیەک بەرهەم بهێنێت هەر لە ساڵی یەکەمەوە بەر بگرن تا جووتیاران و هاووڵاتیان زووتر سوودی لێ ببینن.