ئاسایشی هەولێر ئەو تۆمەتبارەی دەستگیر کرد کە زیانی بە ئۆتۆمبێلی چەند هاووڵاتییەک گەیاندبوو
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، توانیویانە ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بکەن کە لە یەکەم رۆژی جەژندا زیانی بە چەند ئۆتۆمبێلێکی هاووڵاتیان گەیاندبوو و گرتە ڤیدیۆکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە.
ئەمڕۆ 27ـی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی ئەمڕۆ کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، کە تێیدا کەسێکی نەناسراو هەڵدەستێت بە زیان گەیاندن بە چەند ئۆتۆمبێلێکی هاووڵاتیان، هێزەکانیان دەستیان بە بەدواداچوونی ورد کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن هێزەکانمانەوە، ناسنامەی تۆمەتبارەکەمان ئاشکرا کرد کە ناوی (ش. ئـ. ص)ـە و بە فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کرا."
ئاسایشی هەولێر ئەوەشی خستووەتە ڕوو، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکە کراوەتەوە و رێکارە یاساییەکان لە بەرانبەری بەردەوامن.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر سوپاسی هاووڵاتیانی دەکات کە هەمیشە هاوکار و هەماهەنگی هێزە ئەمنییەکانن لە پێدانی زانیاری بۆ پاراستنی تەناهی و سەقامگیریی شارەکە.