تەندروستی هەولێر ئاماری سەردانیکەرانی بۆ نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن بڵاوکردەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەولێر رایدەگەیەنێت، لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 580 کەس بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی سەردانی نەخۆشخانەکانی فریاکەوتنیان کردووە، کە بەشێکیان بەهۆی رووداوی هاتووچۆ و بەربوونەوە بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، سامان سەلمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی گشتیی هەولێر، ئاماری پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی لە هەردوو نەخۆشخانەی "فریاکەوتنی رۆژئاوا" و "فریاکەوتنی رزگاری" بۆ رۆژی پێش جەژن و یەکەم رۆژی جەژن خستە روو.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، کۆی گشتیی ئەو کەسانەی بۆ مەبەستی جیاوازی چارەسەرکردن سەردانی ئەو دوو نەخۆشخانەیەیان کردووە 585 کەس بوون.

لە بارەی جۆری رووداوەکانەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە 112 رووداوی جۆراوجۆر تۆمارکراون، کە بەم شێوەیە:

رووداوەکانی هاتوچۆ: 57 حاڵەت.
حاڵەتی بەربوونەوە: 44 حاڵەت.
رووداوی ماتۆڕسکیل: نۆحاڵەت.
حاڵەتی پێوەدان: دوو حاڵەت.
ژەهراویبوون بە خۆراک: دوو حاڵەت.
تیمەکانی تەندروستی لە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتنی هەولێر بەردەوام لە ئەرکدان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان بە هاووڵاتییان و چارەسەرکردنی ئەو بریندارانەی بەهۆی رووداوە جیاوازەکانەوە روو لە نەخۆشخانەکان دەکەن.