نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێکدادانەکانی ئەمریکا و ئێران زۆر نیگەرانین
گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، کە رێکخراوەکەیان هەوڵ دەدات تێگەیشتنێکی روونتری هەبێت لەبارەی ئەو راپۆرتانەی باس لە درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 رۆژ دەکەن. هاوکات نیگەرانیی قووڵی خۆی لە توندبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران دەربڕی.
پێنجشەممە 28ـی ئایاری 2026، ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ئاماژەی بە راپۆرتەکانی پەیوەست بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست کرد و گوتی: "ئێمە ئاگاداری ئەو راپۆرتانەین و هەوڵ دەدەین زانیاری وردترمان دەستبکەوێت، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر نیگەران و دڵگرانین لەو پێکدانانەی لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بینراوە."
نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکاتەوە ئەم جۆرە پێکدادانە راستەوخۆیانە مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان و دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم جێگیرکردنی هەر جۆرە رێککەوتنێکی ئاشتی کە نێوەندگیرە ناوچەییەکان کاری لەسەر دەکەن.
ئەم هۆشدارییەی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەوە دێت کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئێران بە مووشەک بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکای لە وڵاتی کوەیت کردە ئامانج. ئەم هێرشەی تاران وەک وەڵامێک بوو بۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پرۆسەیەکی درۆنیی ئێران لە نزیک تەنگەی هورمز.
بەپێی زانیارییەکانی سێنتکۆم، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە پێنج درۆنی هێرشبەری ئێران بخەنە خوارەوە. هەروەها واشنتن رایگەیاندووە بنکەیەکی کۆنترۆڵکردنی درۆنەکانی لە شاری بەندەر عەباسی ئێران پەکخستووە، کە خەریکی ئامادەکاری بووە بۆ هەڵدانی شەشەمین درۆن بەرەو هێزەکانی ئەمریکا.