عێراق سەرکۆنەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سەر کوەیت دەکات
حکوومەتی عێراق سەرکۆنەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سەر کوەیتی کرد، ئەم هەڵوێستەی بەغدا دوای ئەوە هات کە کوەیت رایگەیاند، رووبەڕووی هێرشێکی ئێرانی بووەتەوە، ئەمەشی بە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکەی وەسف کرد.
ئەمڕۆ هەینی، 29ـی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "بەغدا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کوەیت دەکات و دووپاتی دەکاتەوە کە هەموو ئەو کارانە رەت دەکاتەوە کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی ناوچەکە."
وەزارەتەکە جەختی لە گرنگی دانبەخۆداگرتن و دوورکەوتنەوە لە تەشەنەسەندنی گرژییەکان کردەوە، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و بەهێزکردنی ئاسایشی هەرێمایەتی. هەروەها داوای کرد پەنا بۆ گفتوگۆ و رێگا دیپلۆماسییەکان ببرێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.
هەرچەندە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە راشکاوی ناوی ئێرانی نەهێناوە، بەڵام ئەم هەڵوێستە دوای ئەوە هات کە وەزارەتی دەرەوەی کوەیت سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "دەستدرێژییەکانی ئێران" بۆ سەر خاکەکەی ناوی برد، کە تێیدا مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکارهاتوون و بە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر خەڵکی سڤیل و دامەزراوە هەستیارەکان هەژمار کرا.
لە لایەکی دیکەوە، سوپای کوەیت رۆژی پێنجشەممە رایگەیاندبوو، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان توانیویانە بەرپەرچی چەند هێرشێکی مووشەکی و درۆنی بدەنەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم هێرشەی ئێران بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکی بووە لە کوەیت، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا کە پێشتر چەند پێگەیەکی لە باشووری ئێران کردبووە ئامانج، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، پێنج درۆنی ئێرانییان لە نزیک گەرووی هورمز تێکشکاندووە و رێگرییان لە هەڵدانی درۆنێکی دیکە کردووە، پێش ئەوەی ئێران مووشەکێکی بالیستیکی بەرەو کوەیت هەڵبدات، کە واشنتن ئەمەی بە پێشێلکردنی ئاگربەست لەقەڵەم دا.
ئەم دۆخە دوای ئەوە دێت کە میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، چەند بەلەمێکی ئێرانی لە باشووری دوورگەی "لارک" لە گەرووی هورمز کراونەتە ئامانج و بەهۆیەوە چەند کەسێک کوژراون.