سوپای پاسداران: هیچ کەشتییەک بێ رەزامەندی ئێمە تێناپەڕێت

سوپای پاسداران جەخت دەکاتەوە، هیچ کەشتییەک بەبێ هەماهەنگی و رەزامەندی ئەوان بۆی نییە لە گەرووی هورمز دەربازی بێت، ئاماژەشیداوە، ژمارەیەک زۆری کەشتییە بازرگانییەکان مۆڵەتیان پێدراوە لە رێڕەوە دیاریکراوەکاندا گوزەر بکەن، بەڵام بە گوێرەی کاتی گونجاو دەبێت.

کەناڵی تەلەفزیۆنی خەبەری فارسی ئێران بڵاویکردەوە، لە 24 کاتژمێری رابردوودا رێگە بە تێپەڕبوونی 24 کەشتی بازرگانی دراوە، کە بەشێکیان لە رێڕەوی گەرووی هورمزەوە بەرەو کەنداوی عومان و دەریای عەرەب و ئۆقیانووسەکان بەڕێکەوتوون و بەشێکیشیان لەم گەرەوەوە بۆ گەڕانەوەی کەنداو تێپەڕبوون.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کەناڵەکەی ئێران ئاماژەی پێداوە، تێپەڕبوونی ئەو 24 کەشتییە لە رێگەی هەماهەنگیی لەگەڵ هێزی دەریایی سوپای پاسداران و وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.

هەروەها پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران ئاشکرای کردووە، ژمارەی ئەو کەشتییە بازرگانیانەی مۆڵەتی تێپەڕبوونیان لە گەرووی هورمز هەیە زۆر لەو ژمارەیە زیاتر کە لە 24 کاتژمێری رابردوودا، تێپەڕیون، بەڵام لە پێناو دروست نەبوونی قەرەباڵغی و پاراستنی ئەمنییەتی کەشتییەکان، رۆژانە بە گوێرەی هەماهەنگیی رێگەی تێپەڕبوون بە چەند کەشتییەک دەدرێت.

هەروەها میدیاکانی ئێران ئاماژەیانداوە، جموجوڵ و تێپەڕبوونی گەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز  بەراورد بە مانگ و هەفتەکانی رابردوو جووڵەی زیاتری بەخۆوە بینیوە، بەڵام هێشتا نەگەڕاوەتەوە پێش دەستپێکردنی جەنگی دژ بە ئێران.

سوپای پاسداران جەختیکردووەتەوە، بڕیاری قەدەخەی تێپەڕبوونی کەشتییە جەنگی و بازرگانییەکانی وڵاتانی دوژمنی ئێران بە گەرووی هورمز بەردەوامە و کەشتیی بازرگانی وڵاتانی دیکەش تەنیا بە گوێرەی هەماهەنگی و مەرجەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆیان هەیە لە کاتی گونجاو بە رێڕەوە دیاریکراوەکانی گەرووی هورمز تێپەڕن، بە پێچەوانەوە هەر کەشتییەک بە بێ هەمامەنگیی پێشوەختە و وەرگرتنی مۆڵەت، دەربازی ناوچەی قەدەخەکراوی هورمز بێت، لەلایەن هێزی دەریایی سوپای پاسدارانەوە دەکرێتەوە ئامانج.

تێپەڕبوونی ئەم کەشتییانە لەکاتێکدایە کە  داتاکانی گرووپی بۆرسەکانی لەندەن و کۆمپانیای "کێپلەر" بۆ چاودێری کەشتیوانی دوێنێ بڵاویان کردەوە، سەرەتای ئەم هەفتەیە دوو کەشتیی نەوتهەڵگری زەبەلاحی نەوت و کەشتییەکی گواستنەوەی گازی سروشتی (LNG) گەرووی هورمزیان بڕیوە. ئەم کەشتییانە پەیوەندییان بە زنجیرەیەک کەشتیی دیکەوە کردووە کە لەم مانگەدا ناوچەی کەنداویان جێهێشتووە، هەرچەندە هێشتا جوڵەی گواستنەوەی نەوت و گاز بە شێوەیەکی گشتی سنووردارە.