حکوومەتی عێراق، هەنگاوی کرداری بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکەی سەدر دەنێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ شاندێکی باڵای رەوتی نیشتمانیی شیعە رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش، بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکەی موقتەدا سەدر بە مەبەستی تێکەڵکردنی هێزەکانی 'سەرایا سەلام' بە دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان و رادەستکردنی چەکەکانیان بە حکوومەت.
شەممە، 30ـی ئایاری 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە بەغدای پایتەخت، پێشوازی لە شاندێکی باڵای رەوتی نیشتمانیی شیعە کرد کە نوێنەرایەتیی موقتەدا سەدریان دەکرد. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بەڕێوە چوو.
بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ دانانی میکانیزمێکی گونجاو و زانستی بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکەی موقتەدا سەدر، کە خۆی دەبینێتەوە لە تێکەڵکردنی چەکدارانی سەرایا سەلام بە ریزەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و رادەستکردنی تەواوی چەکەکانیان بە دەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت.
بۆ خێراکردن و ڕێکخستنی ئەم پرۆسەیە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا بە؛ پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند کە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی قۆناغەکانی گواستنەوە، یەکخستنەوەی چەکدارەکان و وەرگرتنەوەی چەکەکانیان دەبێت، بە جۆرێک کە لەگەڵ یاسا بەرکارەکان و سیستەمی سەربازیی عێراقدا بگونجێت.
لە لای خۆیەوە، عەلی زەیدی پێزانینی قووڵی خۆی و حکوومەتی عێراقی بۆ ئەم هەنگاوەی سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە دەربڕی و، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە بڕیارانە هەڵوێستێکی نیشتمانیی بەرزن کە خزمەت بە چەسپاندنی سەروەریی یاسا، بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەکەن.
ئەم پێشهاتە بە یەکێک لە هەنگاوە ستراتیژییە گرنگەکان دادەنرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە لایەن دەوڵەتەوە و کاراکردنی زیاتری هێزە چەکدارە فەرمییەکان لە وڵاتدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، چوارشەممە، 27ـی ئایاری 2026، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لە پەیامێکدا رایگەیاندبوو، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و بۆ دوورکەوتنەوە لەو مەترسییانەی روو لە نیشتمان دەکەن، پێویستە سەرایای سەلام بە یەکجاری لە رەوتی نیشتمانیی شیعە جیا ببێتەوە.
موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوە دابوو، ئەم هێزانە لەمەودوا بە تەواوەتی دەبنە بەشێک لە دەوڵەت و دەخرێنە ژێر فەرمانی بەرپرسی یەکەمی سەربازیی وڵات.