کوشتارگەی هەولێر ئاماری قوربانیکردنی چوار رۆژی جەژنی راگەیاند

بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەی هەولێر ئاماری کۆتایی چوار رۆژی جەژنی قوربانی راگەیاند و ئاشکرای دەکات، هەزار و 379 ئاژەڵ کراونەتە قوربانی. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەپێناو پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتیان، زیاتر لە دوو تۆن گۆشتیش رەتکراوەتەوە و لەناوبراوە.

شەممە، 30ـی ئایاری 2026، دکتۆر ئەرسەلان جەلال، بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند: "پرۆسەی سەربڕینی ئاژەڵ بۆ ئەم جەژنە زۆر بە رێکوپێکی و بەپێی پلانێکی تۆکمە بەڕێوەچووە و، گەر بەراوردی بکەین رێژەی قوربانیکردنی ئەمساڵ لە ئامارەکانی ساڵی رابردووەوە زۆر نزیکە."

سەبارەت بە ئاماری گشتیی قوربانییەکان لە هەولێر، بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەکە ئاشکرای کرد: "لە ماوەی چوار رۆژی جەژنی قورباندا، کۆی گشتی هەزار و 379 ئاژەڵی بچووک و گەورە لە کوشتارگەکەمان سەربڕدراون."

لە تەوەری تایبەت بە سەلامەتیی خۆراک و تەندروستیی گشتی، ئەرسەلان جەلال جەختی لە رێکارە توندەکان کردەوە و گوتی: "سەرجەم ئەو ئاژەڵانەی هێنرابوونە کوشتارگە، سەرەتا بەوردی پشکنینی پێشوەختەیان بۆ کرا و پاشان کرانە قوربانی. لە ئەنجامی ئەم پشکنینانەشدا، نزیکەی دوو تۆن و 16 کیلۆگرام گۆشتی ئاژەڵ بەهۆی چەند هۆکارێکی تەندروستی و نەشیاوییەوە رەتکراوەتەوە و رێگە نەدراوە بگاتە دەستی هاووڵاتییان."

بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەی هەولێر ستایشی رۆڵی خەڵکی کرد لە سەرخستنی پرۆسەکەدا و رایگەیاند: "هاووڵاتیان تا رادەیەکی زۆر باش هاوکار و هەماهەنگمان بوون بۆ ئەوەی بتوانین پرۆسەکە بە شێوەیەکی زانستی، تەندروست و بە رێکوپێکی بەڕێوەببەین."

 

ئاماری کوشتارگەی هەولێر بۆ هەر چوار رۆژەکەی جەژنی قوربانی ساڵی 2026:

ئاژەڵی بچووک: هەزار و 113

ئاژەڵی گەورە: 266

کۆی گشتی: هەزار و 379  ئاژەڵی بچوک و گەورە لە کوشتارگەی هەولێر لە چوار رۆژی جەژنی قوربان سەربڕدراون. 

 

ئاماری کوشتارگەی مێگەل بۆ هەر چوار رۆژەکەی جەژنی قوربانی ساڵی 2026:

ئاژەڵی بچووک: 100

ئاژەڵی گەورە: 295

کۆی گشتی: 395 ئاژەڵی بچووک و گەورە، لە هەر چوار رۆژەکەی جەژنی قوربان سەربڕدراون.

 

ئاماری کوشتارگەی هەولێر بۆ جەژنی قوربانی ساڵی 2025:

ئاژەڵی بچووک: هەزار و 191

ئاژەڵی گەورە: 270

کۆی گشتی: هەزار و 461 ئاژەڵی بچووک و گەورە، لە کوشتارگەی هەولێر، لە هەر چوار رۆژەکەی جەژن سەربڕدران.

 

ئاماری کوشتارگەی هەولێر بۆ جەژنی قوربانی ساڵی 2024:

ئاژەڵی بچووک: 672

ئاژەڵی گەورە: 201

کۆی گشتی: 873 ئاژەڵی بچووک و گەورە، لە کوشتارگەی هەولێر، لە هەر چوار رۆژەکەی جەژن سەربڕدران.

 

قوربانیکردن

لە رووی مێژوویی و ئایینییەوە، قوربانیکردن بەرزڕاگرتن و نوێکردنەوەی سوننەتی پێغەمبەر ئیبراهیمە (د.خ)، کە هێمایە بۆ تاقیکردنەوەی باوەڕ. بەڵام لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، فەلسەفەی پرۆسەکە لە شێوازی دابەشکردنی گۆشتەکەدا دەردەکەوێت. بەپێی شەریعەتی ئیسلامی، باشتر وایە گۆشتی قوربانی بکرێت بە سێ بەشەوە: سێیەک بۆ خێزانی خاوەن قوربانی، سێیەک بۆ خزم و دۆستان (وەک دیاری)، و سێیەکی کۆتاییش بۆ هەژاران و کەمدەرامەتان.

 ئەم دابەشکارییە وردە، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی جیاوازیی چینایەتی و دڵنیابوونەوە لەوەی لە رۆژانی جەژندا هیچ خێزانێک بێبەش نابێت لە خۆراکی سەرەکی.

قوربانیکردن، سەرەڕای ئەوەی نەریتێکی هەزاران ساڵەیە، بەڵام هێشتا زیندووە و ساڵ لە دوای ساڵ بە شێوازێکی مۆدێرنتر و رێکخراوتر لەناو کۆمەڵگەدا جێبەجێ دەکرێت. ئەم پرۆسەیە تابلۆیەکە کە ئیماندارێتی، سۆزی مرۆڤایەتی، تێیدا یەکدەگرن و پەیامێکی روونە کە جەژنەکان کاتی دابەشکردنی خۆشییەکانن لەگەڵ ئەوانی دیکەدا.