بەهۆی ئاهەنگگێڕانەوە نزیکەی 800 کەس لە فەرەنسا دەستگیر کراون
دوای بردنەوەی یانەی پاریس سانجێرمان لە خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەرانبەر ئارسیناڵ، خۆشییەکانی فەرەنسا گۆڕان بۆ ئاژاوە و پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان. بەو هۆیەوە نزیکەی 800 کەس لە سەرتاسەری وڵات دەستگیر کران و دەیان پۆلیسیش بریندار بوون.
یەکشەممە 31ی ئایاری 2026، لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، رایگەیاند کە لە ئەنجامی ئەو ئاژاوە و توندوتیژیانەی شەوی رابردوو دوای یاری کۆتایی خولی پاڵەوانەکان روویاندا، 780 کەس لە سەرتاسەری فەرەنسا دەستگیر کراون، کە 480 کەسیان تەنیا لە ناوچەی "پاریسی گەورە" بوون. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە 57 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەدا بریندار بوون.
ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە رێژەی دەستگیرکردنەکان 30% زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی رابردوو، کاتێک پاریس سانجێرمان بۆ یەکەمجار نازناوەکەی بەدەستهێنا. ساڵی 2025، ئاهەنگەکان بوونە هۆی کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی 200 کەسی دیکە، جگە لە کەوتنەوەی 700 ئاگرکەوتنەوە و سووتانی سەدان ئۆتۆمبێل.
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەو ئاژاوەگێڕیانەی بە "قبووڵنەکراو" وەسف کرد و گوتیشی: هێزەکانیان پێشبینی پێکدادانیان کردبوو.
توندترین پێکدادانەکان لە شەقامی نێودەوڵەتی "شانزلیزیە" لە پاریس روویاندا، کە هەزاران هاندەر تێیدا کۆببوونەوە. کەسانی دەمامکدار بە بەرد و یاری ئاگرین هێرشیان کردە سەر پۆلیس، لە بەرانبەردا هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا. گرتە ڤیدیۆییەکان پیشانی دەدەن کە ئۆتۆمبێل لەناو شەقامەکاندا دەسووتێن و ئاستەنگی هاتووچۆ دروست کراوە.
بۆ پاراستنی ئاسایش، حکوومەتی فەرەنسا 22 هەزار پۆلیسی لە سەرتاسەری وڵات بڵاوکردبووەوە، کە 8 هەزاریان تەنیا لە پاریس بوون. بڕیارە درەنگانی ئەمڕۆ یانەی پاریس سانجێرمان لە بوداپێستەوە بگەڕێتەوە و ئاهەنگێکی گەورە لە پایتەخت رێکبخرێت، بەڵام مەترسییە ئەمنییەکان هێشتا بەردەوامن.