سوپای پاسداران: هێرشمان کردە سەر بنکەیەکی ئەمریکا

بنکەیەکی ئەرمیکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بنکەیەکی ئەرمیکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند؛ بنکەیەکی سەربازییان کردووەتە ئامانج کە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بۆ وەشاندنی گورز دژی ئێران بەکارهێنراوە.

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو شوێنەی کە سوپای دەستدرێژکاری ئەمریکا هێرشی لێوە کردووەتە سەر تاوەرێکی پەیوەندییەکان لە دوورگەی سیریک لە پارێزگای هورمزگان، کراوەتە ئامانج.

بەگوێرەی راپۆرتی "سپاه نیوز"، لە راگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران هاتووە: "دوا بەدوای دەستدرێژییەکەی کاتژمێرێک لەمەوپێشی سوپای ئەمریکا بۆ سەر تاوەرێکی پەیوەندیی لە دوورگەی سیریک لە پارێزگای هورمزگان، هێزی ئاسمانی سوپا ئەو بنکە ئاسمانییەیان کردە ئامانج کە سەرچاوەی دەستدرێژییەکە بووە و ئامانجە دیاریکراوەکان لەناوبران."

سوپای پاسداران هۆشداریشی داوە، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەکان، وەڵامەکەیان بە تەواوی جیاواز دەبێت و بەرپرسیارێتییەکەشی لە ئەستۆی ئەمریکایە.

لەلایەکی دیکەوە و پێش بڵاوبوونەوەی بەیاننامەکەی سوپای پاسداران، سوپای کوەیت رایگەیاند، هێزەکانیان بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکی و چەند درۆنێکیان داوەتەوە کە ئاراستەی وڵاتەکەیان کرابوو.

رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، سوپای پاسداران رایگەیاند؛ بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج. ئەم هەنگاوەی ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ ئەو هێرشانەی کە سوپای ئەمریکا کردبوویە سەر ناوچەکانی باشووری ئێران.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سوپای پاسداران کە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، هێرشەکە لە کاتژمێر 4:50 خولەکی بەیانی کردووە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "لە وەڵامی ئەو دەستدرێژییەی کە سوپای داگیرکەری ئەمریکا بەیانی ئەمڕۆ کردیە سەر دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەندەر عەباس، هێزەکانمان ئەو بنکە ئاسمانییەی ئەمریکایان کردە ئامانج کە سەرچاوەی هێرشەکە بووە."