عێراق.. کارکردنی منداڵان لە نێوان هەژاریی خێزان و نەبوونی یاسادا
دیاردەی کارکردنی منداڵان یەکێکە لەو کێشە بەرچاوانەی رۆژانە لە شەقامەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقدا دەبینرێت. تێیدا منداڵانی تەمەن 5 بۆ 17 ساڵ لەژێر تیشکی خۆردا خەریکی کاری جۆراوجۆرن. چاودێران هۆکاری ئەم دیاردەیە بۆ بێیاسایی و زیادبوونی هەڕەمەکیی ژمارەی دانیشتووان دەگێڕنەوە.
محەمەد، منداڵێکی بنێشتفرۆشە و چیرۆکی خۆی بۆ کوردستان24 دەگێڕێتەوە، ئەو دەڵێت: "ناوم محەمەدە و لە شەقامەکاندا بنێشت دەفرۆشم. کارەکەم قورسە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خانووەکەمان بە 300 هەزار دینار بەکرێ گرتووە، ناچارم کار بکەم و وازم لە خوێندن هێناوە؛ رۆژانەش تەنیا 5 بۆ 10 هەزار دینار پەیدا دەکەم."
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە، چالاکوانان بۆچوونی جیاوازیان هەیە. هەندێکیان پێیان وایە نەبوونی یاسایەک بۆ سنووردارکردنی کارکردنی منداڵان لەناو خێزانە هەژارەکاندا هۆکاری سەرەکییە، هەندێکی دیکەش واستەکاری لە دابەشکردنی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی بە هۆکار دەزانن.
ئەسرا سەلمان، چالاکوان، لەمبارەیەوە دەڵێت: "لەدایکبوونی هەڕەمەکی لە خێزانە هەژارەکاندا و زۆریی ژمارەی ئەندامانی خێزان، وادەکات منداڵان ناچار بکرێن بۆ دابینکردنی داهات کار بکەن. هەروەها مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی جگە لەوەی کەمە، بەهۆی گەندەڵی بە زەحمەت دەگاتە دەستی کەسانی شایستە، ئەمانەش هەمووی دیاردەکەیان زیاتر کردووە."
ئەگەرچی حکوومەت هیچ داتایەکی وردی لەمبارەیەوە نییە، بەڵام رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاماژە بەوە دەکەن، زیاتر لە 900 هەزار منداڵی تەمەن 5 بۆ 17 ساڵ لە شەقامەکاندا کار دەکەن، کە خراپیی دۆخی ئابووری و بێکاریی کەسوکاریان هۆکاری سەرەکیی رەوانەکردنیانە بۆ سەر شەقامەکان.