عەباس عێراقچی: ئاگربەست هەموو بەرەکان دەگرێتەوە بە لوبنانیشەوە

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئاگربەستەکە هەموو بەرەکان بەبێ جیاوازی دەگرێتەوە، بە گۆڕەپانی لوبنانیشەوە، هۆشداریشی دا، لە کاردانەوەی هەر جۆرە پێشێلکارییەک لە رێککەوتنەکە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، "ئاگربەست بەمانای ئاگربەست لە هەموو بەرەکان دێت بە لوبنانیشەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد "پێشێلکردنی ئاگربەست لە بەرەیەکدا پێشێلکردنی رێککەوتنەکەیە لەسەر هەموو بەرەکان."

وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلی بە بەرپرسیار زانی لە هەر پێشێلکارییەکی ئەگەری رێککەوتنەکە و جەختی لەوە کردەوە کە لێکەوتەکانی دەکەوێتە سەر هەردوو لایەن.

لەلایەکی دیکەوە ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا، گوتی: دەبێت یەکێتیی ئەوروپا پابەندی بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیمانننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت، هەروەها واز لە بەهێزکردنی دەستدرێژیکاران بهێنێت، جەختیشی کردەوە، ئەو هێرشانەی ئێران بۆسەر بنکە و سەروەت و سامانی دوژمنان، دەکەونە چوارچێوەی مافی بەرگریکردن لە خۆمان.

ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتان لەڕووی یاساییەوە پابەندن بەوەی رێگە نەدەن خاکەکەیان یان دامەزراوەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکار بهێنرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک وڵاتی ناوچەکە تواناکانیان خستۆتە بەردەستی ئەمریکا و ئیسرائیل لەکاتی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران.