ئێران: پێشێلکردنی ئاگربەست لە هەر بەرەیەکدا بێت، پێشێلکارییە لە تەواوی بەرەکان

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمریکا و ئیسرائیلی بە پێشێلکردنی بەردەوامی رێککەوتنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، پێشێلکردنی ئاگربەست لە هەر بەرەیەکدا بێت، بەتایبەت لە لوبنان یان دژ بە کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران، بە واتای پێشێلکارییە لە هەموو بەرەکانی جەنگ و واشنتن بەرپرسیاری یەکەمە لە لێکەوتەکانی ئەم دۆخە.

دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رێککەوتنی ئاگربەستی 9ی نیسانی 2026ی وەبیرهێنایەوە کە بە مەبەستی راگرتنی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل واژۆ کرابوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندین جار ئاگربەستەکەی پێشێل کردووە لە رێگەی پەلاماردانی بەردەوامی کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران. هاوکات، ئیسرائیل بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی لوبنان، کوشتن و بریندارکردنی هەزاران کەس و ئاوارەکردنی دوو ملیۆن هاووڵاتی و تێکدانی ژێرخانی ئەو وڵاتە تۆمەتبار کراوە.

تاران جەختی کردەوە "پێشێلکردنی ئاگربەست لە هەر یەکێک لە بەرەکان، پێشێلکردنی ئاگربەستە لە تەواوی بەرەکاندایە." وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "سەرەڕای هەوڵە میدیاییەکانی ئەمریکا بۆ نیشاندانی ویستی ئاگربەست، بەڵام بەرپرسیارێتی راستەوخۆی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و هێرشەکان بۆ سەر ئێران لە ئەستۆی واشنتندایە."

بەپێی راگەیەندراوەکە، ئێران هۆشداری داوە لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەم پێشێلکارییانە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و رایگەیاندووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو توانایەک و بە بەکارهێنانی هەموو پێویستییەکان، لەسەر بنەمای مافی رەوای بەرگری لە خۆ، لە هەر شوێنێک کە پێویست بکات، بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات."

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری سەرچاوە ئێرانییەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، "بەهۆی بەردەوامیی تاوانەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و بەو پێیەی لوبنان بەشێک بووە لە مەرجەکانی پێشوەختە بۆ ئاگربەست، ئێران ئاڵوگۆڕی گفتوگۆ و نامەکان لە رێگەی نێوەندگیرەوە لەگەڵ ئەمریکا رادەگرێت."

هەروەها بارەگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، بەهۆی پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە، لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم هەڕەشانە، هۆشداری دەدەینە دانیشتووانی ناوچەکانی باکوور و شارۆچکە سەربازییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان واتە ئەو ناوچانەی ئیسرائیل داگیریکردوون و هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لەوێ نیشتەجێکردووە، ئەگەر ناتانەوێت زیانتان پێ بگات، پێویستە ناوچەکە چۆڵ بکەن.