لوبنان: حزبوڵڵا و ئیسرائیل لەسەر راگرتنی هێرشەکان رێککەوتوون

باڵیۆزخانەی لوبنان لە واشنتن رایگەیاند، حزبوڵڵای لوبنان رەزامەندیی لەسەر پێشنیازێکی ئەمریکا نیشانداوە بۆ راگرتنی هێرشەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەو گرووپە. ئەم رێککەوتنە کە بە نێوەندگیریی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ روبیۆ هاتووەتە کایەوە، هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری جەنگ لە ناوچەکەدا.

دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، باڵیۆزخانەی لوبنان لە واشنتن، لە راگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کرد، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان جۆزێف عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەرپرسانی لوبنان دڵنیاییان وەرگرتووە کە حزبوڵڵا بە پێشنیازەکەی واشنتن رازی بووە.

بەپێی ناوەرۆکی پێشنیازەکە، ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باشووری بەیرووت رادەگرێت، لە بەرانبەریشدا حزبوڵڵا پابەند دەبێت بەوەی هیچ جۆرە هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام نەدات. ئامانجی کۆتایی ئەم پلانە ئەوەیە لە قۆناغی داهاتوودا ئاگربەستەکە فراوان بکرێت و تەواوی خاکی لوبنان بگرێتەوە.

باڵوێزخانەی لوبنان ئاماژەی بەوەش کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەیوەندیی بە نەدا مەعوەز، باڵیۆزی لوبنان لە ئەمریکا کردووە و پێی راگەیاندووە، رەزامەندیی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیشی بۆ ئەم تێگەیشتنە وەرگرتووە. دواتر باڵیۆزەکە ئەنجامی گفتوگۆکانی گەیاندووەتە عۆن و ئەویش لای خۆیەوە حزبوڵڵای لە پەرەسەندنەکان ئاگادار کردووەتەوە.

بڕیارە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە کۆبوونەوەکانی دانوستان بەردەوام بن بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر وردەکاریی زیاتر و جێگیرکردنی ئەم پێشکەوتنە دیپلۆماسییە بکرێت، کە وەک دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ لوبنان دەبینرێت.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئاشکرای کرد ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، سەبارەت بە پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە.

ناتانیاهۆ نووسیویەتی: "بە ترەمپم ڕاگەیاند، ئەگەر حزبوڵڵا کۆتایی بە هێرشەکانی نەهێنێت بۆ سەر شارەکانمان و هاووڵاتییانمان، ئیسرائیل ئامانجە تیرۆریستییەکان لە نێو بەیرووت دەپێکێت."

هەر ئەمڕۆ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، توانیویەتی لە رێگەی زنجیرەیەک پەیوەندیی دیپلۆماسییەوە ئاگربەستێکی دەستبەجێ لە لوبنان بچەسپێنێت; جەختی کردەوە، ئیسرائیل بڕیاری داوە هێزەکانی بۆ ناو بەیرووت نەنێرێت و حزبوڵڵاش رازی بووە هەموو جۆرە هێرش و تەقەکردنێک رابگرێت.

هەینی 15ـی ئایاری 2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پریامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاو کردبووەوە و تێیدا ئاشکرای کردبوو، واشنتن لە رۆژانی 14 و 15ـی ئایاردا میوانداریی دوو رۆژ گفتوگۆی "زۆر بەرهەمدار"ی لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان کردووە. لە ئەنجامدا، بڕیاردراوە ئاگربەستەکەی 16ـی نیسانی رابردوو بۆ ماوەی 45 رۆژی دیکە درێژ بکرێتەوە، تاوەکو دەرفەتی زیاتر بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بڕەخسێت.

سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، میوانداری کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی مێژوویی کرد بە ئامادەبوونی شاندی باڵای ئیسرائیل و لوبنان بە چاودێریی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا؛ بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەست و رێککەوتنی کۆتایی.