ئەمریکا تاوتوێی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لە وڵاتانی ناتۆ دەکات

رۆژنامەی "فاینانشال تایمز" لە راپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کردووە، حکوومەتی ئەمریکا خەریکی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لەو وڵاتانەی ئەوروپا کە ئەندامی پەیمانی ناتۆن و تا ئێستا ئەو جۆرە چەکانەیان لێ جێگیر نەکراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، واشنتن ئامادەیی نیشانداوە چەکە ئەتۆمییەکانی لە دەرەوەی ئەو شەش وڵاتە جێگیر بکات کە لە ئێستادا بنکەی فڕۆکە بۆمبهاوێژە ئەتۆمییەکانی ئەمریکایان لێیە. ئەم پلانە نوێیە پشت بەو فڕۆکە جەنگییانە دەبەستێت کە خاوەن توانای دووانەن (Dual-capable)، واتە دەتوانن لە یەک کاتدا بۆ هێرشی ئاسایی و هێرشی ئەتۆمیش بەکاربهێنرێن.

ئاماژە بەوە کراوە وڵاتانی باڵی ڕۆژهەڵاتی هاوپەیمانی ناتۆ، بەتایبەتی پۆڵەندا و وڵاتانی ناوچەی باڵتیک، پێشوازییان لەم هەنگاوە کردووە و ئارەزووی خۆیان بۆ میوانداریکردنی ئەو بنکە سەربازییە ئەتۆمییانە دەربڕیوە. ئێستاش گفتوگۆیەکی چڕ لە ناوخۆی ناتۆدا لەسەر ئەم پرسە لە ئارادایە.

هەرچەندە گفتوگۆکان بەردەوامن، بەڵام راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە، هێشتا گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی لەمبارەیەوە دوورە. لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی "رۆیتەرز" رایگەیاندووە، هێشتا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ راستیی ئەم زانیارییانە پشتڕاست بکاتەوە.

دۆناڵد ترەمپ و تیمی سیاسییەکەی، بەردەوام رەخنە لە وڵاتانی ئەوروپا دەگرن و دەڵێن: "ئەوروپییەکان خەرجی پێویست بۆ بەرگریی خۆیان تەرخان ناکەن و بۆ پاراستنی وڵاتەکانیان پشتبەستنی زۆریان بە ئەمریکا هەیە."

ئەم هەنگاوە ئەگەر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، گۆڕانکارییەکی گەورە لە ستراتیژیی بەرگریی ئەوروپا و هاوسەنگیی هێز لە بەرامبەر رووسیا دروست دەکات.