دەوڵەتی یاسا بۆ کوردستان24: کاندیدی خۆمان بۆ وەزارەتی ناوخۆ ناگۆڕین
گوتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، رەتیدەکاتەوە هیچ ناکۆکییەک لە نێوان کوتلەکانیان هەبێت و جەخت لەسەر کاندیدکردنەوەی قاسم عەتا بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ دەکاتەوە، هاوکات ئاشکرای دەکات کە لەگەڵ پارتی و سوننەکان خەریکی پێکهێنانی بەرەیەکی چاودێرن بە ناوی "بەرەی چاککردنەوەی رێرەو" لەنێو پەرلەمانی عێراق.
عەقیل فەتلاوی گوتەبێژی فەرمیی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، سەبارەت بە دەنگۆی دابەشبوونی نێوخۆیی هاوپەیمانییەکە ، هیچ دابەشبوونێک لە ئارادا نییە و دەوڵەتی یاسا لە هەردوو کوتلەی بەشائیر و دەعوە پێکهاتووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر بڕیارێک بدرێت، لە کۆتاییدا نوری مالیکی یەکلایی دەکاتەوە و بڕیارەکانی ئەو بە هەند وەردەگیرێن.
سەبارەت بە پرسی وەزارەتی ناوخۆ و کاندیدی ئەو پۆستە، فەتلاوی گوتی: "فەریق روکن قاسم عەتا کاندیدی فەرمیی ئێمەیە و هیچ بەربەستێکی یاسایی لەبەردەم دووبارە کاندیدکردنەوەیدا نییە." ناوبراو رەخنەی توندی لە شێوازی بەڕێوەبردنی دانیشتنی پەرلەمان و جۆری هەژمارکردنی دەنگەکان گرت و ئاشکرای کرد کە شکایەتی فەرمییان لەو بارەیەوە تۆمار کردووە.
گوتەبێژەکەی دەوڵەتی یاسا روونیکردەوە کە پرۆسەی هەڵبژاردنی قاسم عەتا بە رەزامەندی عەلی زەیدی بووە؛ گوتیشی: "نزیکەی 9 ناومان بۆ پێشنیاز کرد، ئەویش قاسم عەتای هەڵبژارد." فەتلاوی رەخنەشی لە سەرۆکی پەرلەمان گرت کە کاندیدەکەیانی هەڵنەبژاردووە و رایگەیاند، لۆژیکی نییە کەسێک بۆ وەزارەتی ناوخۆ کاندید بکرێت و سەرۆکوەزیران پێی رازی نەبێت و لە کاتی هەڵنەبژاردنی کاندیدەکەیان سەرۆکوەزیران لەنێو پەرلەمان رەخنەی لە سەرۆکی پەرلەمان گرتووە و سەرۆک پەرلەمانیش لە وەڵامدا گوتووێتی" ئەمە کاری تۆ نییە".
لەلایەکی دیکەوە، عەقیل فەتلاوی ئاشکرای کرد کە لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و چەند لایەنێکی سوننە هەیە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بە ناوی "بزووتنەوەی چاککردنەوەی رێرەو" (جبهة تصحيح المسار). ئەرکی ئەم بەرە نوێیە چاودێریکردنی کارەکانی حکوومەت و ئەو یاسایانە دەبێت کە لە لایەن پەرلەمانەوە دەردەچن.
14ی ئایاری 2026، پەرلەمانی عێراق بە بەشداری 270 پەرلەمان کۆبوونەوەی ئاسایی بۆ متمانەدان بە کارنامەی وەزاری و پێکهاتەی حکوومەتی نوێی عێراق کۆبووەوە، بەڵام بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی نێوان بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە و سوننە، بەهۆی دەنگدان لەسەر کاندیدانی وەزارەتەکانی ناوخۆ بۆ شیعە، پلاندانان و خوێندنی باڵا بۆ سوننە، دانیشتنەکەی پەرلەمان دوای متمانەدان بە کارنامەی حکوومەت و 14 وەزیر، کۆبوونەوەکەی کۆتایی پێهێنا.