پەروین بوڵدان نوێترین وێنەی خۆی لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاشی بڵاوکردەوە

پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، نوێترین وێنەکانی خۆی و سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەی بڵاوکردەوە و هۆشداریش دەدات لە بڵاوبوونەوەی وێنەی "دروستکراو بە ژیریی دەستکرد".

ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی حوزەیرانی 2026، پەروین بوڵدان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، وێنەیەکی نوێی خۆی و سەڵاحەدین دەمیرتاشی بڵاوکردەوە کە لە کاتی دوایین سەردانیدا بۆ زیندانی ئەدیرنە چرکێندراوە.

بوڵدان لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "وێنەکانی کۆتا سەردانم بۆ لای سەڵاحەدین دەمیرتاشی ئازیز تازە گەیشتنە دەستم، تکایە با کەس بڕوا بەو وێنانە نەکات کە بە ژیریی دەستکرد (AI) دروستکراون.

ئەم روونکردنەوەیەی پەروین بوڵدان دوای ئەوە دێت، کە لە ماوەی رابردوودا چەند وێنەیەکی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرابوونەوە و تێیدا وا پیشان دەدرا کە شێوەی دەمیرتاش گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو وێنانە ڕاست نین و لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکردەوە دروستکراون.

لە 4ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016، سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاسەرۆکانی پێشووی هەدەپە بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسییەی کۆبانێ دەستگیرکران. 

دۆسیەی کۆبانێ دوای ئەوەی دەستیپێکرد، کاتێک لە تشرینی یەکەمی 2014دا  لە باکووری کوردستان خۆپیشاندانی فراوان بۆ پشتیوانی لە شاری کۆبانێ، دژی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوون، لەسەر دۆسییەکە سەڵاحەددین دەمیرتاش بە 42 ساڵ زیندانی و فیگەن یوکسەکداغ 32 ساڵ زیندانی سزادران  . 

هەرچەندە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا سێجار داوای ئازادکردنی سەڵاحەددین دەمیرتاشی کردووە، بەڵام بڕیارەکە تا ئێستا جێبەجێنەکراوە و چاوەڕێ دەکرێت لە قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی و دوای دامەزراندنی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی بۆ بەروە پێشبردنی پرۆسەکە، بەشێک لە زیاندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن، لەنێویشیاندا سەڵاحەددین دەمیرتاش یەکێک بێت لەو کەسایەتیانەی ئازاد دەکرێن.

دەمیرتاش لە زیندانەوە ژمارەیەک بەرهەمی نووسینی بڵاوکردووەتەوە و بەشێک لە بەرهەمەکانی وەرگێڕاونەتە سەر زمانی بیانی و کوردی، لە نێوخۆیی تورکیا پێشوازییەکی گەرم لە بەرهەمەکانی کراوە.

دەوران، سەحەر، ئەفسوون، لەیلان، داد، جەمال. لە دیارترین کتێبەکانی دەمیرتاشن لە زیندانەوە نووسراون.

سەڵاحەدین دەمیرتاش ساڵی 1973 لە پارێزگای خارپێتی باكوری كوردستان لە دایك بووە و هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بوو.