روبیۆ: هێشتا میلیشیاکان لە عێراق خاوەن هەژموونن

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: گەورەترین ئاڵنگاریی بەردەم عێراق هەژموونی میلیشیا چەکدارەکانە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن دەیەوێت دەرفەتی سەرکەوتن بە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بدات، بەو مەرجەی نیگەرانییەکانمان چارە بکات.

سێشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆنگرێسمانەکان، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی عێراق و تێڕوانینی وڵاتەکەی بۆ کابینەی نوێی حکوومەتی ئەو وڵاتە.

روبيۆ بە روونی رایگەیاند: "گەورەترین ئاڵنگاری کە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە، بوونی نفووز و هەژموونی میلیشیاکانە." 

هەروەها ئاشکرای کرد، میلیشیاکان تاوەکوو ئێستاش توانیویانە پێگە و هەژموونی خۆیان لە ناوخۆی عێراقدا بپارێزن، کە ئەمەش جێگەی سەرنجی واشنتنە.

سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا بەرانبەر بە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، روبيۆ جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن دەیەوێت مامەڵەیەکی کراوە و ئەرێنی بکات و گوتی: "ئێمە دەمانەوێت دەرفەتێک بە سەرۆکوەزیرانی عێراق بدەین بۆ ئەوەی لە کارەکانیدا سەرکەوتوو بێت."

بەڵام لە هەمان کاتدا، روبیۆ مەرج و چاوەڕوانییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئەو پشتیوانییە نەشاردەوە و رایگەیاند: "دەمانەوێت سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کار لەسەر بنەبڕکردن و چارەکردنی سەرچاوەی نیگەرانییەکانمان بکات."

روبيۆ مەبەستەکەی زیاتر روون کردەوە و جەختی کردەوە کە گرنگترین داواکاریی ئەمریکا ئەوەیە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو نیگەرانییانە بڕەوێنێتەوە کە پەیوەستن بە میلیشیا و چالاکییەکانیان لە ناوخۆی وڵاتەکەدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ژمارەیەک گرووپی چەکداری سەر بە 'بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق'، بڕیاریان داوە لە دەستەی حەشدی شەعبی جیا ببنەوە و چەکەکانیان رادەستی حکوومەتی فیدراڵی بکەن.