دەرزیی دابەزاندنی کێش مەترسیی مردن بە شێرپەنجە کەمدەکاتەوە

کۆمەڵێک توێژینەوەی نوێ ئاشکرای دەکەن، ئەو دەرمانانەی بۆ دابەزاندنی کێش بەکاردەهێنرێن، دەبنە هۆی کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک یان مردن بەو نەخۆشییە بە رێژەی 30%.

لە جیهاندا ملیۆنان کەس دەرمانی دابەزاندنی کێش بۆ چارەسەری قەڵەوی بەکاردەهێنن. زنجیرەیەک توێژینەوە کە لە گەورەترین کۆنفرانسی جیهانیی تایبەت بە گرێی شێرپەنجەیی لە شاری شیکاگۆ نمایش کران، ئاماژە بەوە دەکەن ئەم دەرمانانە رۆڵێکی گرنگیان لە خۆپاراستن و چارەسەرکردنی شێرپەنجەدا هەیە.

بەگوێرەی رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی، ئەنجامی توێژینەوەکان لە میانی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ گرێناسیی کلینیکی (ASCO) خراونەتە روو. یەکێک لە شیکارییەکان دەریخستووە، ئەو کەسانەی دەرمانی "GLP-1"یان وەرگرتووە، بە رێژەی 30% کەمتر لەوانەی دەرمانی دابەزاندنی کێشیان بەکارنەهێناوە، تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون، کە بڵاوترین جۆری شێرپەنجەیە لە جیهاندا.

توێژینەوەیەکی دیکە ئاشکرای کردووە کە زیادکردنی دەرمانی دابەزاندنی کێش بۆ سەر چارەسەرە ئاساییەکانی شێرپەنجەی مەمک، مەترسیی مردنی نەخۆشەکانی بە رێژەی 30% کەمکردووەتەوە.

هەروەها لە توێژینەوەیەکی سێیەمدا کە نەخۆشانی شێرپەنجەی مەمک، سییەکان، کۆڵۆن و جگەری گرتووەتەوە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی دەرمانی دابەزاندنی کێشیان بەکارهێناوە، ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیان بە جەستەدا بە رێژەی 50% کەمی کردووە.

دکتۆر ئەلیزابێس ماکدۆناڵد، مامۆستای تیشک لە زانکۆی پێنسلڤانیا، ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە توێژینەوەکە تێبینییە و بە یەکجاری پەیوەندی نێوان دەرمانەکە و نەخۆشییەکە ناسەلمێنێت، بەڵام بەڵگەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی وەک ئامرازێکی نوێ بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە سەیری ئەو دەرمانانە بکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، دکتۆر ئەلیونورا تێپلینسکی، پسپۆڕی ئۆنکۆلۆژی، دەڵێت هێشتا روون نییە ئایا ئەم سوودانە تەنها بەهۆی دابەزاندنی کێشەوەیە یان هۆکاری بایۆلۆژی دیکە لەپشتە، بۆیە پێویستە توێژینەوەی زیاتر لەسەر ئەو نەخۆشانە بکرێت کە ئەم دەرمانانە بەکاردەهێنن.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) ئاماژە بەوە دەکات، ساڵی 2025 یەکێک بووە لەو ساڵانەی کە زۆرترین حاڵەتی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجە تێیدا تۆمارکراوە، کە ژمارەیان گەیشتووەتە زیاتر لە 21 ملیۆن تووشبووی نوێ. لەو ژمارەیە، شێرپەنجەی مەمک بە تۆمارکردنی نزیکەی 2.4 ملیۆن حاڵەتی نوێ، وەک بڵاوترین جۆری شێرپەنجە لەنێو ژناندا ماوەتەوە.

هەروەها لە هەمان ساڵدا نزیکەی 10.4 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهان بە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە گیانیان لەدەستداوە لەنێوانیان نزیکەی 700 هەزار کەس بەهۆی شێرپەنجەی مەمک گیانیان لەدەستداوە.