وەزارەتی تەندروستیی "قاوەی چوکڵێتی" قەدەغە دەکات و هۆشداری توند دەدات

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیاریان داوە بە قەدەغەکردنی "قاوەی چوکڵێتی" و دەستبەسەرداگرتنی لە بازاڕەکاندا ؛ ئاشکراشی دەکات کە هەر پەیجێک یان فرۆشیارێک ریکلامی بۆ بکات، دادەخرێت و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بە نووسراوی فەرمی قاوەی چوکڵێتی قەدەغەکراوە، ئەمەش دوای پشکنینی تاقیگەیی لە لایەن تاقیگەکانی کوالێتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان (KMCA)، دەرکەوتووە کە ئەو جۆرە قاوەیە ماددەی کیمیایی (Sibutramine)ی تێدایە."

وەزیری تەندروستی هەروەها ئاماژەی بەوەدا، ئەم قاوەیە دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و هەروەها پشکنینەکان دەریانخستووە کە هیچ بنەمایەکی زانستی نییە.

لە نووسراوەکەی وەزیری تەندروستیدا هاتووە:
1- قەدەغەکردنی کڕین، فرۆشتن و هاوردەکردنی ئەم جۆرە قاوەیە.
2 داخستنی ئەو پەیج و ئەکاونتانەی لە سۆشیاڵ میدیا ڕیکلامی بۆ دەکەن و یاری بە تەندروستی هاووڵاتییان دەکەن.
3- دەستبەسەرداگرتنی بەرهەمەکە لە بازاڕەکان و ڕەوانەکردنی فرۆشیاران بۆ دادگا.

لە کۆتاییدا وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، خۆیان لە بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانە بپارێزن کە لە سۆشیاڵ میدیا ریکلامیان بۆ دەکرێت و مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی تەندروستییان نییە.