قسەکانی ئەمڕۆی سەرۆکی حکوومەت بە کورتی

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی گرنگ؛ کورتکراوەی قسەکانی لەم 30 پەیامەدا بخوێنەوە. 

 

1. سەردانی ئێمە بۆ بەغدا بۆ پشتیوانیکردنی سەرۆکوەزیران و پێشخستنی پەیوەندییەکان بوو.

2. بەغدا نییەتی هەیە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵداتەوە و کێشەکان چارەسەر بکات.

3. داکۆکیمان لەسەر شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێم کردووە.

4. شاندێکی هەرێممان بۆ قسەی جدی لەسەر نەوت و مووچە ناردووەتە بەغدا.

5. سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی داوای کردووە لە زیادکردنی بەرهەمی نەوت هاوکارییان بکەین.

6. بەهۆی دۆخی گەرووی هورمزەوە، هەناردەی نەوت لە ناوچەکەدا سنووردار بووە.

7. عێراق و جیهان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی نەرێنیی شەڕی ئێستای ناوچەکەوە.

8. بۆ پشتگیریکردنی ئابووری عێراق، هەرێمی کوردستان دەستپێشخەری کردووە.

9. کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان، داوای گەرەنتی دەکەن.

10. چاوەڕێین لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە کۆمپانیا نەوتییەکان دەست بەکار ببنەوە.

11. هەرێم ئامادەیە ڕۆڵی کاریگەر لە هاوکاریکردنی ئابووری عێراقدا بگێڕێت.

12. ئامادەین تا 2000 مێگاوات کارەبا بدەینە حکوومەتی فیدراڵی.

13. داواکارییەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی وەک مەرجەعی باڵا، زۆر لە جێی خۆی بوو.

14. دەبێت کۆتایی بە چەقبەستوویی سیاسی بهێنرێت و لایەنەکان عاقڵانە بیر بکەنەوە.

15. قسەی نابەرپرسانە چیتر دەردی خەڵکی کوردستان چارەسەر ناکات.

16. پێویستە بەرژەوەندییە تەسکە حزبییەکان وەلابنرێن و کێشەی خەڵک چارەسەر بکرێت.

17. دوای 18 مانگ هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردن جێبەجێ نەکراوە؛ دەبێت ڕێز لە بڕیاری خەڵک بگیرێت.

18. هەر وڵاتێک یاسای تێدا سەروەر بێت، ئاسایش و سەقامگیریی زیاتر دەبێت.

19. پێشتر هەوڵێکی جدی هەبوو بۆ لاوازکردنی پێگەی ئابووریی هەرێمی کوردستان.

20. بە هەموو شێوەیەک قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان دەپارێزین.

21.  هەوڵ هەیە بۆ رێککەوتنی کۆتایی لەسەر سیستەمی ئەسیکۆدا لە خاڵە سنوورییەکان.

22.  دەیانەوێت دۆخەکە بە ناتەندروست نیشان بدەن، بەڵام خەڵک نیگەران نەبێت.

23. هەرێمی کوردستان بەشێکە لە چارەسەری ئابووری ناوچەکە، نەک کێشەکە.

24. هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە و هیچ شتێک نابێتە جێگرەوەی.

25. بەڵێنمان وەرگرتووە کە کێشە سیاسی و کارگێڕییەکان تێکەڵی مووچە نەکرێن.

26. عێراق لە قەیراندایە و هەرێم دەبێتە هاوکار بۆ دەربازبوونی بەغدا لە تەنگەژەی دارایی.

27.  پابەند بووین بە گواستنەوەی 50%ی داهاتە فیدراڵییەکان بۆ بەغدا.

28. فەرزکردنی 120 ملیار دیناری پێشوو لەسەر هەرێم، تەنیا زارەکی بوو و هیچ بنەمایەکی نەبوو.

29. روانگەیەکی نوێ و نییەتێکی باش لە بەغدا هەیە کە دەرگای چارەسەر دەکاتەوە.

30. پەرلەمان موڵکی هیچ حزبێک نییە، هی دەنگدەرانە و پێویستە کارا بکرێتەوە.