نەعیم قاسم: چەکدارانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان ناکشێنەوە
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی، رێککەوتنی نێوان لوبنان و ئیسرائیلی بە شکست و خۆبەدەستەوەدان وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە، چەکدارەکانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان ناکشێنەوە تا ئەو کاتەی گوندەکان لەژێر داگیرکاری و بۆردومانەکانی ئیسرائیلدا بن.
پێنجشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2026، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، با دەسەڵاتدارانی لوبنان کۆتایی بەو "سووکایەتییە بهێنن کە پێی دەوترێت دانوستانی راستەوخۆ" لەگەڵ ئیسرائیل.
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، رێککەوتنی لوبنان و ئیسرائیلی وەک خۆبەدەستەوەدان و شکست هەژمار کرد. جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە رێککەوتنی ئاگربەستەکە تەواوی لوبنان بگرێتەوە، نەک تەنیا باشوور. هەروەها داوای کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئیسرائیلی لە سەرجەم ناوچەکانی باشووری وڵاتەکە کرد.
نەعیم قاسم ئاماژەی بەوەش دا، کە چەکدارانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان ناکشێنەوە تا ئەو کاتەی گوندەکان لەژێر داگیرکاری بۆردومانەکانی ئیسائیلدا بن.
هۆشداریشی دا کە "باکووری ئیسرائیل ئارامی بە خۆیەوە نابینێت تا ئەو کاتەی گوندەکانی لوبنان بۆردومان بکرێن و دانیشتووانەکەی بکوژرێن." گوتیشی: "هەر جۆرە گرێدانێکی بوونی ئێمە بە ئاگربەست یان کشانەوەی سوپای ئیسرائیلەوە رەتدەکەینەوە."
هەر ئەمڕۆ جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان رایگەیاندبوو، رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، کە بە نێوەندگیری ئەمریکا بە دەست هاتووە، رەنگە لە ماوەی 24 کاتژمێر دوای رەزامەندیی سەرجەم لایەنەکان بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
ئەوەشی خستبووە روو، کە ئەمە رەنگە دوایین دەرفەت بێت بۆ وڵاتەکە لە پێناو هێورکردنەوەی دۆخەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان.
هەروەها بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل (کابینەی جەنگ) کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنی مەرجداری ئاگربەست، کە دوێنێ لە واشنتن پاش دوو رۆژ لە دانوستانی نێوان شاندەکانی لوبنان و ئیسرائیل راگەیەندرا.
پێشتر، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، پێشوەختە مەرجەکانی بۆ وەڵامەکەی حزبوڵڵا راگەیاندبوو و ئاماژەی بەوە کردبوو، کە داواکارییە سەرەکییەکەی لوبنان ئەوەیە ئیسرائیل بکشێتەوە بۆ ئەو پێگانەی کە پێش سەرهەڵدانی جەنگی ئەمریکی-ئیسرائیلی لە دژی ئێران لە 28ـی شوباتی رابردوودا کۆنترۆڵی کردبوون.
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەوە کردبووەوە، کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی لە باشووری لوبنان، بەو مەرجەی حزبوڵڵا سەرجەم هێرشەکانی بۆ سەر باکووری ئیسرائیل رابگرێت و چەکدارەکانی لەو ناوچانە بکێشێتەوە کە دەکەونە باشووری رووباری لیتانی.
ئەمەش لە کاتێکدایە بەپێی ئەو رێککەوتنە پێشنیازکراوە، پێویستە حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان بکشێتەوە و هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل رابگرێت، لە بەرامبەردا سوپای لوبنان لە چەند ناوچەیەک بە شێوەیەکی کاتیی جێگیر بێت و دواتر هێزەکانی ئیسرائیل لە هەندێک گوندی باشوور بکشێنەوە، هەروەها ئیسرائیل بەڵێن دەدات گەڕەکی باشووری بەیرووت نەکاتە ئامانج.