سێنتکۆم: 4 درۆنی ئێرانیمان خستە خوارەوە
سوپای پاسداران: بە مووشەکی بالیستی بنکەکانی ئەمریکامان بۆردومان کرد
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 6ـی حوزەیرانی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان4 درۆنی هێرشبەری ئێرانییان خستووەتە خوارەوە کە بەرەو گەرووی هورمز دەڕۆیشتن، جەختیشی کردەوە ئەو فڕۆکانە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بوون بۆ سەر جووڵەی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا.
سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشی درۆنەکان بۆ چوار کەشتی لە گەرووی هورمز ئاراستە کرابوون.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دوای ئەوە، هێزەکانی ئەمریکا چەند هێرشێکیان کردووەتە سەر پێگەکانی راداری چاودێری کەناراوەکانی ئێران لە ناوچەی "گروک و دوورگەی قەشم"، بە مەبەستی رێگریکردن لە هێرشی زیاتر و پاراستنی کەشتیوانی نێودەوڵەتی.
فەرماندەیی ناوەندی جەختی کردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە دۆخی ئامادەباشی بەرزدا دەمێننەوە و توانای وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەکی ئێرانییان هەیە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم رێکارە سەربازییانە لە چوارچێوەی بەرگریکردن لە خۆ و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەدا بووە.
لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی "مێهر"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئێران لە نزیک گەرووی هورمز وەک رێکارێکی هۆشداریدان تەقەیان کردووە. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو تەقانە پەیوەندییان هەیە بە گۆڕینی پێگەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
بەگوێرەی سەرچاوە ئێرانییەکان، ئامانجی تەقەکان ناوچەیەکی دەریایی بووە لە پشت دوورگەی لارک لە نزیک بەندەر عەباس. هاوکات ئاژانسی مێهر ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە هەبوونی هێرش بۆ سەر بەندەر عەباس دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی بە تۆڕی CNN-ی راگەیاندووە، هاوکات ئێران لەگەڵ تەقە کردنەکاندا چەند درۆنێکی بە ئاراستەی گەرووی هورمز رەوانە کردووە.
هەر ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بە مووشەکی بالیستی بنکەکانی ئەمریکای لە کوەیت و بەحرەین بۆردومان کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، تەقەیان لە 4 نەوتهەڵگر کردووە کە ویستوویانە بێ مۆڵەتی ئەوان بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ بن.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئەمریکا رایگەیاند؛ ئێران 7 مووشەکی بالیستی ئاراستەی کوەیت و بەحرەین کردووە، بەڵام توانیویانە 6 مووشەکیان لە رێگەی سیستمە بەرگرییەکانەوە تێکبشکێنن و مووشەکی حەوتەمیش نەگەیشتووەتە ئامانجەکەی. پێنتاگۆن جەختی کردەوە، هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانیاندا نییە و ئەو دەنگۆیانەی ئێران کە دەڵێت زیانیان بە فرقەی پێنجەمی دەریایی ئەمریکا لە بەحرەین گەیاندووە، دوورن لە راستی.
ئەم پەرەسەندنانە هاوکات بوون لەگەڵ بیستنی دەنگی تەقینەوە لە نزیک فڕۆکەخانەی کوەیت و لە ناو جەرگەی مەنامەی پایتەختی بەحرەین. وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین زەنگی ئاگادارکردنەوەی لە وڵات لێدا و داوای لە هاووڵاتیان کرد پەنا بۆ شوێنە ئارامەکان بەرن. ئەمە لە کاتێکدایە کە سێ رۆژ لەمەوبەر فڕۆکەخانەی کوەیت کەوتە بەر هێرشێکی ئێرانی و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و 63ـی دیکەش بریندار بوون.