هێمن میرانی: پلانێکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک رادەگەیەنرێت
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرای کرد، کە سزا داراییەکانی شێواندن و تێکدانی ژینگە بە پێی ڕێنماییەکانی دەستەی ژینگە لە 100 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تا 8 ملیۆن دینار، هاوکات سیستمی چاودێریی کامێراکان بۆ تۆمارکردنی سزای فڕێدانی پاشماوە لە ناو ئۆتۆمبێلەکانەوە خراوەتە گەڕ
شەممە، 6ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی دارستان و ژینگە، پۆلیسی هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی، تیمەکانی خۆبەخشی JCC، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، و بە هاوکاریی دەزگای "کوردستان فاوەندەیشن"، هەڵمەتێکی بەرفراوانی پاککردنەوەی بۆ دەوروبەری بەنداوی گۆمەسپان ڕێکخست.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کوردستان24 ڕایگەیاند: "هەرچەندە دوێنێ ڕۆژی جیهانیی ژینگە بوو، بەڵام پێویستە پاراستنی ژینگە ببێتە ئەرکێکی رۆژانە و نیشتمانیی هەموو هاووڵاتییەک. بەنداوی گۆمەسپان ئێستا وەک یەکێک لە ناوچە گرنگە گەشتیارییەکان و سەرچاوەی هەوای پاکی شاری هەولێر دێتە ئەژمار، بۆیە پاراستنی پاکوخاوێنییەکەی ئەرکی سەرجەم لایەنەکانە."
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری دا بە هاووڵاتییان کە پاشماوەکانیان بە کۆکراوەیی لە شوێنە گەشتیارییەکاندا بەجێنەهێڵن و روونی کردەوە: "کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە کاتێکدا لە شوێنی خۆی جێبهێڵدرێت چارەسەر نییە، چونکە شەوانە ئاژەڵە کێوییەکان بە دوای خۆراکدا دەگەڕێن و پاشماوەکان پەرت دەکەنەوە. پەیامی ئێمە ئەوەیە کە گەشتیاران پاشماوەکانیان لەگەڵ خۆیان ببەنەوە و لەو شوێنانە فڕێی بدەن کە لەلایەن شارەوانییەوە تەرخان کراون."
یاساکان و سزا داراییە قورسەکان
سەبارەت بە لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ سەرپێچیکاران، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند: "سزای دارایی تێکدانی ژینگە بە پێی یاسا و رێنماییەکانی دەستەی ژینگە زۆر توندن، کە لە 100 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و دەگاتە 8 ملیۆن دینار. فەرمانبەرانی دەستەی ژینگە و پۆلیسی دارستان و ژینگە دەسەڵاتی تەواویان هەیە بۆ چەسپاندنی ئەم سزایانە بەسەر سەرپێچیکاراندا."
سەبارەت بە فڕێدانی پاشماوە لە ناو ئۆتۆمبێلەکانەوە، هێمن میرانی ئاماژەی بەوە کرد، کە کەمترین سزای دارایی بۆ ئەم دیاردەیە 40 هەزار دینارە. بۆ ئەم مەبەستەش کامێراکانی چاودێریی هاتوچۆ و ئاسایش بە شێوازێک دیزاین کراون کە سەرپێچیی لەم جۆرە تۆمار بکەن.
هاوکات داواشی لە هاووڵاتییان کرد هاوکار بن و لە رێگەی وێنەگرتنی ژمارەی تابلۆی ئەو ئۆتۆمبێلانەی پاشماوە فڕێ دەدەن و ناردنی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ، بەشدار بن لە جێبەجێکردنی یاساکەدا.
پلانی داهاتووی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک
هێمن میرانی جەختی لەوە کردەوە، کە بەکارهێنانی ماددە پلاستیکی و شووشەییەکان زیانی گەورە بە ژینگە دەگەیەنن، چونکە سەدان ساڵ پێویستە بۆ شیبوونەوەیان. بۆیە پلانی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بریتییە لە هاندان و بەکارهێنانی کاغەز و کارتۆن وەک جێگرەوەیەک بۆ پلاستیک و نایلۆن بە ئامانجی پاراستنی سروشتی کوردستان.