هەڵبژاردنێکی مێژوویی لە ئەرمەنستان بەڕێوەدەچێت
ئەمڕۆ یەکشەممە، 07ـی حوزەیرانی 2026، دەرگای بنکەکانی دەنگدان لە ئەرمەنستان بە رووی زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەردا کرایەوە.
ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییە تەنیا پرۆسەیەکی دیموکراسیی ئاسایی نییە، بەڵکوو وەک تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی بۆ شوناسی سیاسیی وڵات و داهاتووی پەیوەندییەکانی یەریڤان لەگەڵ مۆسکۆ و واشنتن سەیر دەکرێت.
نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئێستا لەگەڵ پارتی گرێبەستی شارستانیی فەرمانڕەوا، هەوڵ دەدەن متمانەی گەل بەدەست بهێننەوە بۆ ئەوەی رێڕەوی وڵات بەرەو یەکێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ببەن.
پاشینیان لە دوای شۆڕشی ساڵی 2018ـەوە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست و دەیەوێت ئەرمەنستان لەژێر سێبەری هەژموونی مێژوویی رووسیا دەرباز بکات.
لە بەرانبەردا، لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەشێکیان بە ئاشکرا لایەنگری مۆسکۆن و پاشینیان بە سەرکێشی تۆمەتبار دەکەن. پارتی ئەرمەنستانی بەهێز بە سەرکردایەتیی ملیاردێری رووسی و ئەرمەنی سامڤێل کاراپێتیان، رکابەری سەرەکییە.
کاراپێتیان ئێستا بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کودەتا لەژێر دەستبەسەریی ماڵەوەدایە و پاشینیان بە تێکدانی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەرمەنستان و رووسیا تۆمەتبار دەکات.
رووسیا بۆ چەندین دەیەیە هاوپەیمانی سەرەکیی ئەرمەنستان بووە و بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە ئەم هەڵبژاردنە.
ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە پەیامێکی ناراستەوخۆدا هۆشداریی دابووە یەریڤان، رێڕەوی ئێستای ئەرمەنستانی بەو رێگەیە چواند ئۆکرانیا پێیدا رۆیشت و بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ.
لە چەند هەفتەی رابردوودا مۆسکۆ چەندین گەمارۆی ئابووریی خستە سەر بەرهەمە ئەرمەنییەکان، ئەمەش وەک فشارێکی سیاسی بۆ سەر دەنگدەران لێک دەدرێتەوە.
یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم هەڵبژاردنە، دەرەنجامەکانی جەنگی ساڵی 2023ـی کاراباخە. پاشینیان بە دەنگدەرانی راگەیاند، بردنەوەی پارتەکەی تەنیا رێگەیە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لەگەڵ ئازەربایجان.
ئاماژەی بەوە دا، شکستیهێنانی رەنگە وڵات بەرەو جەنگێکی وێرانکەر لەگەڵ باکۆ بباتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە ئازەربایجان داوای گۆڕانکاری لە دەستووری ئەرمەنستان دەکات وەک مەرجێک بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی ئاشتی.