وەزارەتی تەندروستی عێراق: بەهۆی وەرگەڕانی پاسێک 40 کەس بوونە قوربانی

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی وەرگەڕانی پاسێکی گواستنەوەی زیارەتکاران لەسەر رێگەی نێوان ناسریە و بەسرە، 21 کەس گیانیان لەدەستدا و 19 کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: وەزیری تەندروستی، لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ رووداوی وەرگەڕانی پاسێکی گواستنەوەی زیارەتکاران کردووە لەسەر ڕێگەی نێوان پارێزگاکانی ناسریە و بەسرە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، وەزیری تەندروستی فەرمانی بە سەرجەم کارمەندانی پزیشکی، تەندروستی و تیمەکانی ئەمبوڵانس کردووە کە بخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و تەواوی تواناکان بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویست تەرخان بکەن.

هەروەها وەزیری تەندروستی فەرمانی بە فەرمانگە تەندروستییە پەیوەندیدارەکان کردووە، بە شێوەیەکی مەیدانی چاودێری دۆخی بریندارەکان بکەن و پێداویستییە دەرمانییە بەپەلەکانیان بۆ دابین بکەن، لەگەڵ بەردەوامبوونی هەماهەنگی لەنێوان لایەنە تەندروستییەکان بۆ خێراکردنی کارەکان.

بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لەم ڕووداوەدا 21 کەس گیانیان لەدەستداوە و 19 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ژمارەیەک زیارەتکاری ئێرانیشیان لەناودایە. بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری چڕ گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.