تیمی یەکێتی بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات و تیمی یەکێتیش بەشدار دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 08ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، تیمی یەکێتی بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، رۆژی چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەت رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا دۆسیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بەتایبەتی پرسی نەوت و دوایین پەرەسەندنەکان گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونیشی کردەوە، تەوەری دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە بابەتی داهاتی ناوخۆ و سیستەمی ئەسیکۆدا. ئەوەشی خستە روو، دوایین گۆڕانکارییەکانی نێوان هەردوو حکوومەت لەبارەی ئەو بابەتانە تاوتوێ دەکرێن.
ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی زیادکردنی هەناردەی نەوت و جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا، لە خاڵە سنوورییەکان، سەردانی بەغدا بکات.