بوومەلەرزەکەی فلیپین دەیان کوژراو و هەزاران ئاوارەی لێکەوتەوە
تیمەکانی رزگارکردن لە باشووری فلیپین بەردەوامن لە گەڕان بەدوای قوربانییان لە نێو باڵەخانە رووخاوەکاندا، ئەمەش دوای ئەوەی بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر بە گوڕی 7.8 پلە ناوچەکەی هەژاند و بەهۆیەوە لانی کەم 37 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 20,000 کەسیش ئاوارە بوون.
نووسینگەی بەرگری شارستانی فلیپین رایگەیاند، بوومەلەرزەکە کە ناوەندەکەی کەناراوەکانی دوورگەی مینداناو بووە، بەهێزترین بوومەلەرزەیە لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا لەو وڵاتەدا تۆمار کرابێت. جگە لە گیانلەدەستدانی 37 کەس، نزیکەی 500 کەسی دیکەش بریندار بوون و گەڕان بەدوای بێسەروشوێنان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا بەردەوامە.
زۆرترین زیانەکان لە شاری جێنێراڵ سانتۆس تۆمار کراون کە تێیدا 13 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە پارێزگای سارانگانی 18 کەس بەهۆی داڕمانی زەوییەوە گیانیان سپاردووە. زۆربەی ئاوارەکان لە ترسی روودانی شەپۆلی "سونامی" ماڵەکانیان جێهێشتووە و پەنایان بۆ پەناگە کاتییەکان بردووە.
لە رووی زیانە ماددییەکانەوە، نزیکەی 2,000 خانوو و 117 باڵەخانەی حکوومی زیانیان بەرکەوتووە. هاوکات فڕۆکەخانەی جێنێراڵ سانتۆس داخراوە و 63 گەشتی ناوخۆیی هەڵوەشێندراونەتەوە، تەنیا رێگە بە گەشتە مرۆییەکان دەدرێت.
رافایێلیتۆ ئەلیخاندرۆ، بەرپرسی بەرگری شارستانی ئاماژەی بەوە کرد، کە دەبێت پێش دەستپێکردنەوەی خوێندن پشکنین بۆ 6,000 قوتابخانە بکرێت، چونکە مەترسی رووخانیان لێدەکرێت بەهۆی پاشلەرزەکانەوە.
تێریسیتۆ باکولکۆلیش، بەڕێوەبەری پەیمانگای فلیپین بۆ بوومەلەرزەزانی رایگەیاند، ئەم بوومەلەرزەیە بەهۆی جووڵەی "خەندەقی کۆتاباتۆ"وە بووە، هۆشداریشی دا کە بوومەلەرزەیەکی هاوشێوە لە ساڵی 1976دا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 8,000 کەس.
فلیپین دەکەوێتە سەر "کەمەربەندی ئاگر" لە زەریای هێمن، ئەمەش وایکردووە ساڵانە رووبەڕووی نزیکەی 20 گەردەلوول و چەندین بوومەلەرزە و چالاکی گڕکانی ببێتەوە.