تۆمارکردنی منداڵانی خوار 12 ساڵ بۆ پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراک کارا کرا

بڕیارە بەم نزیکانە جیاکردنی پسوولە و دەرهێنانی پسوولەی نوێی خۆراک کارا بکرێت

بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر، وردەکاریی چۆنیەتی زیادکردنی منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵ و رێکارە ئەلیکترۆنییەکانی پسوولەی خۆراکی خستەڕوو و رایگەیاند، هاووڵاتییان دەتوانن بەبێ سەردانیکردنی فەرمانگەکان، لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە مامەڵەکانیان ئەنجام بدەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2026، سیامەند قادر، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، رایگەیاند؛ بۆ زیادکردنی منداڵ بۆ سەر پسوولەی خۆراک، پێویستە هاووڵاتی ئەپڵیکەیشنی تایبەت بە پسوولەی خۆراکی هەبێت، لەگەڵ بەردەستبوونی کارتی نیشتمانی منداڵەکە. سەبارەت بە تێچووی مامەڵەکەش، گوتی: "بۆ زیادکردنی هەر منداڵێک بڕی شەش هەزار دینار وەردەگیرێت، کە پێویستە لە رێگەی ڤیزاکارتەوە بە شێوەی ئەلیکترۆنی پاداشت بکرێت."

سیامەند قادر دڵنیایی دایە ئەو هاووڵاتییانەی کە نیشتەجێی گوندەکانن یان ڤیزاکارتیان نییە و گوتی: "پێویست بە سەردانیکردنی ئێمە ناکات، ئەو کەسانەی ڤیزاکارتیان نییە دەتوانن سەردانی بریکارەکانی خۆراک و ئارد بکەن، چونکە هەموو بریکارەکان ڤیزاکارتی (بانکی جنووبی ئیسلامی)یان لایە؛ هاووڵاتییان دەتوانن پارەکە بە نەقد بدەنە بریکارەکە و ئەویش لە رێگەی کارتەکەیەوە بۆیان بدات."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رێکاری سڕینەوەی ناوی ئەو کەسانەی کۆچی دواییان کردووە روون کردەوە و گوتی: "هەر لە ناو ئەپڵیکەیشنەکەدا، دەچنە سەر ناوی ئەو کەسەی کۆچی دوایی کردووە و بلۆکی دەکەن، پاشان وەک بەڵگە وێنەی وەفاتنامەکەی سکان دەکەن و دەینێرن، بەوەش بۆ مانگی داهاتوو ناوەکە لە پسوولەی خۆراک دەسڕێتەوە."

بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێرباسی لەوەش کرد، "لە چەند هەفتەی داهاتوودا، بەشی جیابوونەوەی پسوولەی خۆراک بۆ ئەو کەسانەی هاوسەرگیرییان کردووە و هەروەها مامەڵەی گواستنەوەی پسوولە، لە ناو ئەپڵیکەیشنەکەدا کارا دەکرێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت، وەزارەتی بازرگانی عێراق بەڵێنی داوە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو خزمەتگوزارییانەش بخاتە گەڕ."

جەختی کردەوە، هەر هاووڵاتییەک کێشەی تەکنیکی یان زانیاریی هەبێت لە کاتی بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنەکەدا، دەتوانێت سەردانی بەشی کۆمپیوتەری بەڕێوەبەرایەتییەکە بکات و لەوێ ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکرێت.