كوردستان24 وەكو یەكەم میدیای كوردی سەردانی قوتابخانەی مینابی کرد
دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک بەسەر بۆردومانکردنی قوتابخانەی میناب لە باشووری ئێران؛ کوردستان24 وەک یەکەم دەزگای میدیایی کوردی و عێراقی سەردانی شوێنی رووداوەکەی کرد.
رۆژی 28ـی شوباتی 2026 و کاتژمێر 10ـی بەیانی بە کاتی ناوخۆی ئێران، سێ مووشەک بەر بینای قوتابخانەی شەجەرەی تەییبە لە شاری میناب کەوتن. سەرەتا گومانەکان بۆ چەند ئاراستەیەکی جیاواز دەچوون، بەڵام لێکۆڵینەوەی میدیا جیهانییەکانی وەک "رۆیتەرز" و گرووپی "بێلینگکات" ئەوەیان پشتڕاست کردەوە، ئەو مووشەکانەی بەر قوتابخانەکە کەوتوون لە جۆری تۆماهۆکی ئەمریکی بوون.
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لەمبارەیەوە رایگەیاند، لێکۆڵینەوە ناوخۆییەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ زانینی هۆکاری رووداوەکە. بەرپرسانی سەربازیی ئەو وڵاتە باسیان لە هەڵەی زانیاریی کۆن یان هەڵەی تەکنیکی کرد.
کوردستان24 لە نزیکەوە گوێ لە ئازاری کەسوکاری قوربانییەکان گرت. باوکی سوبحان کە یەکێکە لەو منداڵانەی لە رووداوەکەدا گیانی لەدەست داوە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، رایگەیاند، زۆر خۆشحاڵە دەتوانێت دەنگی منداڵە بێتاوانەکانیان بە جیهان بگەیەنێت.
ئەو باوکە بە دڵتەنگییەوە رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ و بانگەشەکانی مافی مرۆڤی ئەمریکا گرت و گوتی: "ئەگەر مافی مرۆڤ ئەوەیە منداڵەکانمان بەو یادگارییە ناتەواوانەوە لێ بستێننەوە، ئەوا ئەو جۆرە مافی مرۆڤە بۆ دنیا زۆر باشە". روونیشی کردەوە، هەموو رۆژێک چەند منداڵێکی لەگەڵ خۆی دەبرد بۆ قوتابخانە، لەوانەش سوبحانی کوڕی و هاوپۆلەکانی وەک ئاراشام ئێرانی و مەهدی و ئەمین ئەحمەدزادە.
ئەو باوکە جەرگسووتاوە ساتەوەختی بیستنی هەواڵەکە دەگێڕێتەوە و ئاماژەی بەوە دا، لە شەقامی سەرەکیی بەرانبەر قوتابخانەکە بووە کاتێک پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی پێوە دەکرێت. دواتر دەنگێکی زۆر ترسناک دەبیستێت و هەست دەکات هەموو شتێک کۆتایی هاتووە.
ئەو باوکە بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە ئەوەشی خستە روو، یەکسەر سەیری قوتابخانەکەی کردووە و بەرەو رووی رایکردووە و هاواری کردووە. کاتێک گەیشتووەتە بەر دەرگای قوتابخانەکە، بینیویەتی ئاگرێکی گەورە شوێنەکەی گرتووەتەوە و پارچەی جەستەی منداڵەکان بەسەر زەوییەوە کەوتبوون و چیرۆکی ئەو دایک و باوکانە لەو ساتەدا پڕ لە کەوتن و هەڵسانەوە بووە بەو هیوایەی منداڵەکانیان بە زیندوویی بدۆزنەوە.
لە رێکەوتی یەکی ئاداری 2026، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی قوربانییەکان بە بەشداریی هەزاران کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە بەڕێوە چوو. رێکخراوی یونسکۆ و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد و وەک پێشێلکارییەکی قورسی یاسا مرۆییەکان وەسفیان کرد.
لە ئێستاشدا لێژنەی نێودەوڵەتیی دۆزینەوەی راستییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ ئەوەی بزانێت ئایا ئامانجگرتنی ئەم ناوەندە مەدەنییە تەنیا هەڵەیەکی سەربازی بووە یان تاوانی جەنگیی قورسی لەپشتەوەیە.