دەستەی دەستپاکیی هەرێم پاداشتی دارایی پێشکەشی ئاشکراکەرانی گەندەڵی دەکات

دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نوێی بۆ تەرخانکردنی پاداشتی دارایی بۆ ئەو کەسانە دەرکرد کە زانیاری لەسەر کەیسەکانی گەندەڵی بە دەستەکە دەدەن، هەروەها ناسنامەی ئاگادارکەرەوەکە بە نهێنی دەپارێزرێت.

سێشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2026، ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بڕیارێک سەبارەت بە پێدانی پاداشتی دارایی بۆ ئاگادارکەرەوەی حاڵەتەکانی گەندەڵی دەرکراوە، ئەمەش دوای جێبەجێبوونی مەرج و رێنماییە تایبەتەکان".

 ئاماژەی بەوەش کرد، کە "بڕی پاداشتەکە بە پێی جۆر، بەها و گرنگیی زانیارییەکە دەبێت، جیا لەوەی کە پێویستە زانیارییەکە بگاتە قۆناغی بڕیاری کۆتایی لەپێناو جێبەجێکردنی دروستیی یاسادا".

سەرۆکی دەستەکە زانیاری زیاتری خستەڕوو و گوتی: "پێدانی خەڵاتی دارایی بە پێی یاسای دەستە ژمارە 3ـی ساڵی 2011ـی هەموارکراو بە یاسای ژمارە 7ـی ساڵی 2014 دەبێت، بە پشتبەستن بە ماددەی پێنجەم، بڕگەی دووەم/3 لە یاسای دەستەکە و ماددەی 70، بڕگەی پێنجەم".

هاوکات سەرۆکی دەستەکە داوای لە هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد کە "حاڵەتەکانی گەندەڵی ئاشكرا بکەن و لە رووی کۆمەڵایەتییەوە رووبەڕووی ئەم دیاردەیە ببنەوە".

روونیشی کردەوە، کە "دەستەکە فەرمانێکی کارگێڕی و نووسراوێکی فەرمی لەم بارەیەوە ئاراستەی سەرجەم فەرمانگەکانی دەوڵەت کردووە، بە مەبەستی ئاگاداربوونەوەی هاووڵاتییان و فەرمانبەران لەم بڕیارە".

ئەحمەد ئەنوەر، دەشڵێت: کە "دەستەکە هێڵی گەرمی هەیە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر حاڵەتەکانی گەندەڵی و، ناسنامەی ئاگادارکەرەوەکەش بە تەواوی بە نهێنی دەهێڵدرێتەوە، مەگەر خۆی ئارەزوو بکات ناوەکەی ئاشکرا بکرێت".