بەهۆی هێرشەکانی ئێران، سێ وڵاتی عەرەبی کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، هەریەکە لە وڵاتانی ئوردن، کوەیت و بەحرەین کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە؛ لە کاتێکدا ئوردن چەند مووشەکێکی ئێرانی تێکشکاند، کوەیت و بەحرەین زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لێدا و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی ئەگەردا چالاک کرد.

ئوردن؛ هێزە چەکدارەکانی ئوردن رایانگەیاند؛ سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان 5 مووشەکیان تێکشکاندووە کە لە ئێرانەوە بەرەو ناوچەی ئەزرەق لە پارێزگای زەرقا هاوێژرابوون. تەنیا پاشماوەی مووشەکەکان کەوتوونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی یان ماددییان لێنەکەوتووەتەوە.

کوەیت؛ سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای کوەیت، بەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند؛ سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان سەرقاڵی بەرپەرچدانەوەی چەند ئامانجێکی ئاسمانیی دوژمنکارانەن. سوپا داوای لە هاووڵاتیان کردووە تەنیا پابەندی رێنماییە فەرمییەکان بن.

 بەحرەین؛ وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا. وەزارەتەکە داوای لە هاووڵاتیان و نیشتەجێبووان کردووە هێمن بن، روو لە نزیکترین شوێنی پارێزراو بکەن و لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە چاوەڕێی نوێترین زانیاری بن.

هەر سێ وڵاتەکە جەختیان کردووەتەوە، هێزە ئەمنی و سەربازییەکانیان لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی سەروەریی خاک و ئاسمانی وڵاتەکانیان.

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، چەند بنکەیەکی سەربازیی ئەو وڵاتەی لە بەحرەین، کوەیت و ئوردن کردووەتە ئامانج.

سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، چەند شوێنێکیان لە "جاسک، سیریک و قشم" کردووەتە ئامانج، کە بەهۆیەوە زیان بە تاوەرێکی پەیوەندی لە سیریک و دوو تانکی ئاو لە ناوچەی بەمانی گەیشتووە.

لە وەڵامی ئەمەدا، سوپای پاسداران وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانە، لە کاتژمێر 2:30ـی بەرەبەیان، هێزی دەریایی سوپای پاسداران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرەین، هێرشێکی دیکەی درۆن  کراوەتە سەر بنکەی عەلی سالم لە کوەیت، هەروەها هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران بە مووشەکی دوورهاوێژ، چوار ئامانجی گرنگی لە بنکەی ئەزرەق لە ئوردن پێکاوە، لەوانە شوێنی حەوانەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی F-35 و ناوەندیی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی سوپای ئەمریکا.

هەروەها سوپای پاسداران رایگەیاندووە، بە گشتی 21 ئامانجیان لە بنکە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە پێکاوە و درۆنی جۆری MQ-9یان لە ئاسمانی شاری جەم خستووەتە خوارەوە.

لە کۆتاییدا، سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە، هێزەکانیان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی نوێ و ئەمریکا بە بەرپرسیاری لێکەوتەکانی هەر دەستدرێژییەک دەزانن.