هاووڵاتییانی ئێران ترسیان لە جەنگێکی سەرانسەری هەیە

سەرەڕای ئەوەی ئێران و ئیسرائیل رایانگەیاندووە هێرشەکانیان رادەگرن و پابەندی ئاگربەست دەبن, بەڵام دوابەدوای نوێترین پێکدادانەکانی ئەم دوو وڵاتە، هاووڵاتییانی ئێران نیگەرانن جارێکی دیکە جەنگێکی بەربڵاو لە ناوچەکە سەرهەڵبداتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە دۆخی ئابووریی ئێران لە ئەنجامی ئەو جەنگەدا زۆر خراپ بووە و هەڵاوسان لە کەرتی خواردەمەنییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 100%.

دوو رۆژ دوای دوایین پێکدادانی ئێران  وئیسرائیل ژیان دیسان لە شارەکانی ئێران ئاسایی بووەتەوە. لە یەکەم رۆژی دوای پێکدادانەکان بازاڕەکان چۆڵ بوون و خەڵک نیگەرانی هەڵگیرسانەوەی جەنگێکی گەورە بوون. بەڵام ئەمجارە پێکدادانەکان زۆر پەرەیان نەسەند. هەرچەند هێشتا دڵەڕاوکێی هاووڵاتییان نەڕەویوەتەوە بەڵام دۆخی بازاڕ تا رادەیەکی ئاسایی بووەتەوە. 

ئەحمەد داوەرزەنی دانیشتووی تاران، بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ پێش ئەوەی پێکدادانەکان راگیرێ و دیسان ئاگربەست بکرێ خەڵک تووشی دڵەڕاوکێیەکی زۆر بوون. کاسبەکان تووشی دڵەراوکێ بوون و بازاڕ دوێنی چۆڵ بوو. دۆخێکی زۆر چاوەڕواننەکراو بوو. بەڵام دوای ئەوەی ئاگربەستیان راگەیاند سترێسەکان کەمتر بوونەوە و بازاڕ گەڕایەوە دۆخی ئاسایی.

جارێ هەر دوو وڵات هێرشەکانیان راگرتووە و هۆشدارییشان داوە لە ئەگەری دەستپێشخەری لایەنی بەرانبەر، وڵامەکەیان توند دەبێت. ئەم پێکدادانانە ئەگەرچی کورت بوون و زوو کۆتاییان پێ هات بەڵام نیگەرانیی ئەوەیان لای خەڵک دروست کردووە کە رەنگە وڵاتەکەیان دووبارە بکەوێتەوە ناو جەنگێکی گشتگیر و بەربڵاوەوە.

فاتمە فرووغی، دانیشتووی تاران، دەڵێت؛ هەمووان لە جەنگ دەترسن من نیگەرانی دوو منداڵەکەم بووم کە لە باخچەی ساوایان بوو. هاوکارەکانم وتیان بۆچی دەگری. وتم دەی جەنگە خۆ ناکرێ بۆ روودانی جەنگ خۆشحاڵ بین. لە لایەکەوە نیگەرانی خەڵکی لوبنانم. چونکە مناڵی ئەوانیش وەک مناڵی ئێمەن و ناکرێ بڵێین بەرگرییان لێ نەکەین. بەڵام بۆ ئەوەی لە پێترۆکیمیای ئێمەیان دا گریام.

جیا لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی هەڵگیرسانەوەی جەنگ، گرانی و گرانیش بڕستی هاووڵاتییانی بڕیوە. بەگوێرەی راپۆرتەکانی ناوەندیی ئاماری ئێران، لە ئەنجامی جەنگدا هەڵاوسان لە کەرتی خواردەمەنییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 100%. بەم شێوەیەش لە دوای جەنگ خەڵک هەژارتر و سفرەکانیش بچووکتر بوونەتەوە. بەم حاڵەش هێشتا سێبەری جەنگ لەسەر سەری ئەم خەڵکە بە تەواوی نەڕەویوەتەوە.