مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە گەنجانی کوردستان دەکات
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەورەترین و پێشکەوتووترین ناوەندی گەنجانی لەسەر ئاستی جیهان کردەوە و رایگەیاند: کە گەنجان هیوای ئەمڕۆ و سەرکردەی دواڕۆژی گەلن.
لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە توانای گەنجان و رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ پەرەپێدانی کارامەیییەکانیان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەورەترین و پێشکەوتووترین ناوەندی گەنجانی لەسەر ئاستی جیهان کردەوە. ئەم ناوەندە لە لایەن (کوردستان فاوندەیشن)ـەوە خاوەندارێتی و بەڕێوەدەبرێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای کردنەوەی ناوەندەکە، لە دەفتەری یاداشتەکانی ناوەندەکەدا نووسیویەتی: "بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان، گەنجان هیوای ئەمڕۆ و سەرکردەی دواڕۆژی گەلەکەمانن".
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: "پیرۆزبایی کردنەوە و دامەزراندنی ئەم ناوەندە گرنگە لە هەموو گەنجانی کوردستان دەکەم و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم"
ئەم ناوەندە مۆدێرنە وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژی و گشتگیر، دەروازەیەکی نوێ بە رووی لاواندا دەکاتەوە بە ئامانجی پەرەپێدانی لێهاتووییەکان، فێربوونی کارامەیی نوێ و دروستکردنی تۆڕی پەیوەندیی بەهێز لە نێوان گەنجانی داهێنەردا. ناوەندەکە بە سیستمێکی نێودەوڵەتی و بەرزترین ستانداردە جیهانییەکان بەڕێوە دەبرێت.
بە پێی ئامارە فەرمییەکان، پڕۆژەکە لە ماوەی ئەزموونی سەرەتایی خۆیدا سەرنجی ژمارەیەکی بەرچاوی لە گەنجان راکێشاوە؛ بە شێوەیەک ئێستا خاوەنی زیاتر لە هەزار و 400 ئەندامە و پتر لە 12 هەزار کتێب لە بوارە جیاوازەکان لەخۆ دەگرێت، هاوکات لە ماوەی کارکردنی تاقیکارییدا 129 هەزار سەردانیکاری هەبووە. سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ئەم ناوەندە بە شێوەیەکی بێبەرامبەر پێشکەش بە سوودمەندان دەکرێت.
ناوەندی گەنجانی کوردستان فاوندەیشن، کۆمەڵێک دەرفەتی جۆراوجۆر لە بوارەکانی تەکنەلۆجیا، کارسازی، فێربوون و گەشەپێدانی پیشەیی دابین دەکات. ئامانجی سەرەکی لەم دەستپێشخەرییە، دروستکردنی سەکۆیەکی گونجاوە بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان تا بتوانن بەهرەکانیان تێدا گەشەپێبدەن و بەشدارییەکی کاریگەر لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی کۆمەڵگەدا بکەن.
