مەسرور بارزانی: ناوەندی گەنجان سەکۆیەکە بۆ ئەوەی گەنجان سوودی لێ وەربگرن

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی کردنەوەی ناوەندی گەنجانی، داوای لە لاوان کرد کە مێژووی نەتەوەکەیان بخوێننەوە و بزانن کە دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی کوردستان بەرهەمی خەباتی پێشمەرگە و قوربانیدانی گەلێکی ستەمدیدەیە کە هیچ کاتێک رێگەی نەداوە ئیرادەی نیشتمانیی تێکبشکێت.

چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی فەرمیی کردنەوەی ناوەندی گەنجانی کوردستان، گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا دڵخۆشیی خۆی بە بەشداریکردن لە کردنەوەی ئەم ناوەندە گرنگە دەربڕی، کە وەک یەکێک لە گەورەترین و پێشکەوتووترین ناوەندەکانی لاوان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان هەژمار دەکرێت.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد، کە بوونی ناوەندێکی لەم شێوەیە لە هەرێمی کوردستان جێگەی شانازییە بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان و دەبێتە سەکۆیەکی گرنگ بۆ ئەوەی سەرجەم گەنجان بتوانن سوودی لێ ببینن. لەم چوارچێوەیەدا، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرجەم گەنجان و خەڵکی کوردستان کرد و دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەس و لایەنانە کرد کە رۆڵیان هەبووە لە دامەزراندنی ناوەندەکە و بەردەوامن لە پێگەیاندنی لاوان و دروستکردنی پەیوەندییەکی تەندروست و پێویست لە نێوان گەنجان و چینەکانی کۆمەڵگەدا.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە بینینی گەنجانی بەهرەمەند نیشان دا کە لە بەشەکانی ناوەندەکەدا بەرهەمەکانی خۆیان نمایش کردبوو.

سەرۆکی حکوومەت، گرنگیی بوونی شوێنێکی هاوچەرخی بۆ کۆبوونەوە و گەشەپێدانی تواناکانی لاوان دووپات کردەوە و ئاماژەی بە بوونی کتێبخانەیەکی گەورە و دەوڵەمەند بە سەرچاوەی گرنگی زانستی و مێژوویی لە ناوەندەکەدا کرد کە دەکرێت ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی مەعریفە بۆ گەنجان.

لە رووی پەیامی نیشتمانییەوە، مەسرور بارزانی داوای لە گەنجانی کوردستان کرد کە مێژوو بخوێننەوە و مێژووی نەتەوەکەیان ببینن بۆ ئەوەی بزانن ئەم قەوارە و دەستکەوتانەی ئێستا لە کوردستاندا هەن، بەرهەمی خەبات، ماندووبوون و رەنجی نەتەوەیەکی ستەملێکراوە.

مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەو ستەمە گەورەیەی بە درێژایی مێژوو لە گەلی کورد کراوە، بەڵام گەلەکەمان هیچ کاتێک خۆی نەچەماندووەتەوە و رێگەی نەداوە ئیرادەی نیشتمانیی بمرێت؛ بەڵکو بەرهەمی خەباتی پێشمەرگە قارەمانەکان و قوربانیدانی گەلەکەمان بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەمڕۆ کوردستانێکی گەشەسەندوو و پێشکەوتوومان هەبێت.

سەرۆکی حکوومەت، ئومێدی خۆی دەربڕی کە گەنجان بتوانن بە شێوەیەکی کاراتر کوردستان بەرەو پێشەوە ببەن. داوای لە گەنجان کرد کە ئەم ناوەندە تەنیا وەک شوێنێکی یەکترناسین نەبینن، بەڵکو بە کردەوە پەرە بە توانست و لێهاتووییەکانی خۆیان بدەن.

 ئاماژەی بەوەش کرد، کە زۆرجار گلەیی لە نەبوونی شوێنی شیاو بۆ گەشەپێدانی بەهرەی لاوان دەکرا، بەڵام دروستکردنی ئەم ناوەندە مۆدێرنە وەڵامێکی گونجاوە بۆ ئەو پێویستییانە تا گەنجەکان چیدیکە روو لە دەرەوەی وڵات نەکەن؛ چونکە وەک خۆی گوتی: "وڵاتی ئێمە شوێنی راستەقینەی گەنجەکانمانە."

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی باسی لە پرۆسەی گواستنەوەی بەرپرسیارێتی نێوان نەوەکان کرد و رایگەیاند: "ئەوانەی خەباتیان کردووە و زەحمەتییان کێشاوە و کوردستانیان ئاوەدان کردووەتەوە، تا ئێرە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە؛ لەمەودوا پاراستنی ئەم دەستکەوتانە دەکەوێتە سەر شانی گەنجەکانمان".

مەسرور بارزانی چەند لایەنێکی گرنگی خزمەتگوزارییەکانی ئەم ناوەندەی بۆ لاوان خستە روو:

لە رووی وەرزشییەوە: دابینکردنی شوێن و ئامێری گونجاو بۆ ئەوی گەنجان خۆیان دروست بکەن.

لە رووی کەلەپوور و کولتوورەوە: ئاشنابوون بە مێژووی نەتەوەیی و ناساندنی بە جیهان. لەم رووەوە سەرۆکی حکوومەت هانی گەنجانی دا کە شانازی بە ناسنامەی نەتەوەیی، پۆشاک و بۆنە کولتوورییەکانی خۆیانەوە بکەن و پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ مێژوویاندا دروست بکەن.

لە رووی زانست و تەکنەلۆجیاوە: جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی تەنیا مێژوو بەس نییە، بەڵکو پێویستە گەنجان خاوەن بیری گەورە بن بۆ داهێنان؛ بۆ ئەم مەبەستەش ناوەندەکە بە نوێترین ئامێری تەکنەلۆجی پڕکراوەتەوە تا لە خزمەت پەرەپێدانی زانستیدا بن.

لە رووی تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتییەوە:  ناوەندەکە بەبێ جیاوازی دەرگای بە رووی گەنجانی سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا کراوەیە تا لە رێگەی ئاڵوگۆڕی بیروڕاوە کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر داڕشتنی سیاسەتی گشتیی وڵات دروست بکەن.

مەسرور بارزانی لە بەشێکی تری قسەکانیدا رەخنەی لەو دیدگایە گرت کە پێی وایە گەنج پێگەی نییە یان دەنگی نابیسترێت، و گوتی: "دەنگی گەنجان بیستراوە و شوێنپەنجەشیان دیارە؛ ئەوان هیوای دواڕۆژن و لە ئێستاوە کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی ئەو داهاتووە هەیە کە دەیانەوێت تێیدا بژین."

بەڵێنیشی دا کە حکوومەتی هەرێم بە هەموو توانایەوە پاڵپشتی لە گەنجانی خاوەن لێهاتوویی و زیرەکی دەکات تا بتوانن لە بواری بونیاتنانی ژێرخانی ئابووری، ژینگەیەکی جوانتر، کەرتی تەندروستی گونجاوتر و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندندا هاوکار بن.

سەرۆکی حکوومەت لە کۆتایی گوتارەکەیدا، پەیامێکی هاندەری ئاراستەی تەواوی خوشک و برایان و لاوانی کوردستان کرد و گوتی: "خەونی گەورە ببینن و ئامانجتان با بەرز بێت. هیچ خەونێک نییە ئەوەندە گەورە بێت یان هیچ ئامانجێک نییە ئەوەندە قورس بێت کە بە دی نەیەت. هیوادارم بەردەوام بن لە بینینی خەونی گەورە و بەرەو ئەو ئاستە بڕۆن کە شایستەی داهاتووی ئێوەیە. ئێوە سەرکەوتوو بن و وڵاتەکەشمان هەمیشە ئاوەدان بێت."

 

ناوەندی گەنجان

گەورەترین و پێشکەوتووترین ناوەندی گەنجە لەسەر ئاستی جیهان، کە لە لایەن (کوردستان فاوندەیشن)ـەوە خاوەندارێتی دەکرێت و بەڕێوە دەبرێت.

ئەم ناوەندە مۆدێرنە وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژی و گشتگیر، دەرگایەکی نوێ بە رووی گەنجاندا دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی لێهاتوویی، فێربوونی کارامەیی نوێ و دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی بەهێز لە نێوان گەنجانی داهێنەردا.

ناوەندەکە بە سیستمێکی نێودەوڵەتی و بە بەرزترین ستانداردی جیهانی بەڕێوە دەبرێت، لە ماوەی ئەزموونی سەرەتایی خۆیدا توانیوویەتی سەرنجی ژمارەیەکی پێوانەیی لە گەنجان رابکێشێت؛ ئێستا خاوەنی زیاتر لە هەزار 400 ئەندامە و پتر لە 12 هەزار کتێبی لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە، سەرباری  ئەوەی، لە ماوەی کارکردنی ئەزموونیدا، 129 هەزار سەردانیکاری هەبووە. جگە لەوەی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ناوەندەکە بێبەرامبەر (بە خۆڕایی) پێشکەش دەکرێت.

ناوەندی گەنجانی کوردستان فاوندەیشن کۆمەڵێک دەرفەتی جۆراوجۆر لە بوارەکانی تەکنەلۆجیا، کارسازی، فێربوون و پەرەپێدانی پیشەیی دابین دەکات. ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە دروستکردنی سەکۆیەکە بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان بتوانن تێیدا تواناکانیان پەرەپێبدەن و بەشدارییەکی کاریگەر لە ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی کۆمەڵگەدا بکەن.