مەسرور بارزانی بۆ کوردستان24: هیوادارین گەنجەکانمان باوەڕ و متمانەیان بەخۆبێت
مەسرور بارزانی رایگەیاند: بە ئومێدەوە سەیری پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی دەکەین. هیوادارین ئەو پەیوەندییە باشەی هەیە بەردەوام بێت و باشتری بکەین".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وەڵامی پرسیاری ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسانیدایەوە، لە وەڵامی شەیما بایز پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند "هیوادارین گەنجەکانمان باوەڕ و متمانەیان بەخۆبێت، کوردستان وڵاتێکی خۆشە و دەتوانین وڵاتەکەمان ئاوەدانتر بکەینەوە، بەڵام ئەو ئەرک و بەرپرسیارەتییە دەکەوێتە ئەستۆی گەنجان، هیوادارم بەو متمانەیەی بەخۆیان هەیە یارمەتیمان بدەن".
هەوڵەکان بۆ زیادکردنی داهات و هەناردەی نەوت
سەبارەت بە داهاتی ناوخۆ، مەسرور بارزانی گوتی "چەندین شێواز هەیە بۆ زیادکردنی داهات، بەشێکیان هەناردەکردنی نەوتە، داهاتی عێراق بەگشتیی کەمیکردووە چونکە هەناردەکردنی نەوت کەمیکردووە بەهۆی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا هەبوون".
سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە یارمەتی حکوومەتی عێراق بدات لە زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی هەرێمەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆمپانیاکان داوای گەرەنتیان لە حکوومەتی فیدراڵ کردووە بۆ دەستبەکاربوونەوە.
سیستەمی ئەسیکۆدا و پرسی 120 ملیار دینار
مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر کێشەکانی بەردەم بازرگانی و گوتی "بەهۆی سەپاندنی بڕیارێک لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، سیستەمی ئەسیکۆدا هەبووە، ئێمە هەوڵمانداوە بگەینە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ ئەوەی بازرگانی ئاسایی ببێتەوە و داهات زیاد بکات".
لە وەڵامی پرسیاری یەکێک لە رۆژنامەنووسان، مەسرور بارزانی رایگەیاند "پێشتر دانانی 120 ملیار بە بڕیارێکی شەخسی بووە و هیچ بنەمایەکی زانستی نەبووە، ئەوەی یاساییە دەبێت نیوەی داهاتە فیدراڵییەکان بدرێت بە بەغدا، بەڵام بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت و کاریگەریی سیستەمی ئەسیکۆدا، داهاتەکان بە گشتی دابەزین، ئەمەش وایکرد هەرێم نەتوانێت ئەو بڕە پارەیە دابین بکات".
پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و کابینەکەی عەلی زەیدی
سەرۆک وەزیران باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کرد و ئاماژەی بەوەدا "بە ئومێدەوە سەیری پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی دەکەین. هیوادارین ئەو پەیوەندییە باشەی هەیە بەردەوام بێت و باشتری بکەین". جەختیشی کردەوە کە بابەتی مووچە بەستراوەتەوە بە هەموو خەڵکی عێراق و نابێت جیا بکرێتەوە یان تێکەڵ بە بابەتە سیاسییەکان بکرێت.
لەکۆتاییدا مەسرور بارزانی باسی لە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێم کرد باسی لەوە کرد "سەرۆک بارزانی داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کردووە بەیەکەوە دانیشن بۆ ئەوەی ئەو دۆخە چەقبەستووییەی هەیە نەمێنێت، بۆچوونی خەڵکی کوردستان وایە بارودۆخێکی ئارام بێتە ئاراوە و پەرلەمان کارا بکرێتەوە و کابینەی نوێ پێکبهێنرێت، ئێستا لەسەر لایەنەکانی دیکە دەمێنێتەوە کە تا چەند ئامادەییان هەیە ڕێز لە ئیرادەی خەڵک بگرن".