پلەبەرزکردنەوەی هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش دەستپێدەکات

بەمزووانە پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە، دوای ئەوەی رێکارەکان گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی و لە ژێر وردبینیدان.

پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، عەقید کارزان ئەمیر، گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ساڵانە پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران لە مانگەکانی یەک و حەوت ئەنجام دەدرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە ئەمجارە پرۆسەکە کەمێک دواکەوتووە، بەڵام هیچ کێشەیەکی گەورە لە ئارادا نییە و دوای گەڕانەوەی فەرمانی سەرۆکی هەرێم بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ دەست بە رێکارە کردەییەکان دەکات.

سەبارەت بە مەرجەکانی پلەبەرزکردنەوە، گوتەبێژی پۆلیس روونی کردەوە، پێویستە ئەفسەران لە پشکنینی چاو و تاقیکردنەوەی تایبەت دەربچن و کێشیان زۆر نەبێت، هەروەها بۆ ئەو ئەفسەرانەی پلەیان لە سەرووی عەقیدەوەیە، مەرجێکی زیادە هەیە کە بریتییە لە پێشکەشکردنی توێژینەوەیەک و گفتوگۆکردن لەسەری لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە؛ ئەگەر ئەفسەرەکە تێیدا سەرکەوتوو نەبێت، پلەبەرزکردنەوەکەی رادەگیرێت.

کارزان ئەمیر جەختی کردەوە، مەرجەکانی کێش و تاقیکردنەوەکان زۆر سەرەکین، بەڵام مەرجی پشکنینی چاو نەرمیی تێدایە و ئەگەر ئەفسەرێک کێشەی هەبێت دەتوانێت چاویلکە بەکاربهێنێت، لە ئێستادا تەواوی لیستی پلەبەرزکردنەوەکان لە قۆناخی کۆتاییدان و چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا رێکارە کارگێڕییەکان تەواو ببن.