ژمارەی قوربانیانی لوبنان 3700 کەسی تێپەڕاند

هێرشە ئاسمانییەکان و لەشکرکێشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان بەردەوامە، لە تازەترین هێرشەکاندا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی جیاواز، شەش کەس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ، بڵاوی کردووەتەوە، لە هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی عەباسیە لە باشووری وڵاتەکە چوار کەس کوژراون، لە دوو هێرشی دیکەی جیا بۆ سەر شارەکانی سوور و بەعلبەک، دوو کەسی دیکە کوژراون.
لەلایەکی دیکەوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، کۆنترۆڵی دۆڵی سەلووقی لە باشووری لوبنان کردووە، کە دەکەوێتە نێوان رووباری لیتانی و سەر سنووری لوبنان - ئیسرائیل، هەروەها ئاماژەی بە کوژرانی ژمارەیەک ئەندامی حزبوڵڵا داوە، گوایە بەنیازبوون لە رێگەی تونێلەوە هەڵبێن.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تەندروستی لوبنان، لە سەرەتای هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان حزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل لە دوای هێرشەکانی سەر ئێران لە 28ـی شوباتەوە تا ئێستا، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 3711 کەس کوژراو و 11,483 کەسی دیکەش برینداربوون.
هەر لە بارەی دۆخی شەڕەوە، دەزگا ئەمنییەکانی لوبنان بڵاویانکردووەتەوە، سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام سوپای ئیسرائیل هێشتا لە هێرشە چڕەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان بەردەوامە.
هەروەها ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و دەڵێت "لە ئاداری رابردووەوە ناوچەکە رووبەڕووی دۆخێکی مەترسیدار بووەتەوە"؛ داوای دانبەخۆداگرتن لە هەموو لایەنەکان دەکات و هانیان دەدات بۆ راگرتنی شەڕ و دۆزینەوەی چارەسەرییەکی دیپلۆماسی کە رێز لە یەکپارچەیی خاکی لوبنان، سەروەری و سەربەخۆیی سیاسیی وڵاتەکە بگرێت.